پاپا لیۆ: لە ترەمپ ناترسم
پاپا لیۆی چواردەیەم، رێبەری کاسۆلیکەکانی جیهان، لە میانی گەشتە فەرمییەکەیدا بۆ وڵاتی جەزائیر، رایگەیاند کە ئەرکێکی ئەخلاقییە دژی جەنگ بدوێت و جەختی کردەوە لە هەڕەشە و ڕەخنەکانی دۆناڵد ترەمپ ناترسێت، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا هێرشی توندی کردە سەر پاپ و بە لاواز لە سیاسەتی دەرەوە وەسفی کرد.
دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، لە کاتێکدا جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل دژی ئێران بە تەواوی کۆتایی نەهاتووە، ئاڵۆزییەکی نوێ لە نێوان ڤاتیکان و کۆشکی سپی سەریهەڵداوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رەخنەی توندی لە پاپا لیۆ گرت بەهۆی داواکانی بۆ راگرتنی جەنگ و گوتی: "پاپا لیۆ شتی هەڵە دەڵێت، ئەو دژی کارەکانی منە بەرانبەر ئێران، بەڵام ئێمە رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی." ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە پاپا تەنیا لەبەر ئەوەی ئەمریکییە کراوە بە پاپا.
لە بەرانبەردا، پاپا لیۆ لە ناو فڕۆکەدا و پێش گەیشتنی بۆ جەزائیر بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "من سیاسەتمەدار نیم و نامەوێت لەگەڵ ترەمپدا بکەومە مشتومڕ، بەڵام پەیامی ئینجیل روونە کە دەڵێت؛ خۆزگە بۆ ئاشتیخوازان. کەنیسە ئەرکێکی ئەخلاقی لەسەر شانە کە دژی جەنگ و لە بەرژەوەندی ئاشتی و تەبایی بدوێت." هەروەها گوتی: "من نەک لە ئیدارەی ترەمپ، بەڵکوو لە هیچ شتێک ناترسم کاتێک پەیامی خودا رادەگەیەنم."
ئەم ململانێیە دەنگدانەوەی جیهانی لێکەوتەوە؛ جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، هێرشەکانی ترەمپی بۆ سەر پاپا بە "قبووڵنەکراو" وەسف کرد. لە لایەکی تریشەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ئەو وێنەیەی کە ترەمپ بە ژیری دەستکرد بڵاوی کردبووەوە کە تێیدا خۆی وەک عیسای مەسیح نیشان دابوو، بە "سوکایەتی بە پیرۆزییەکان" ناوبرد.
پاپا لیۆ لە جەزائیر، کە زێدی سانت ئۆگستینی فەیلەسوفی مەسیحییە، داوای لێبوردن و ئاشتی کرد و رێزی لە قوربانیانی جەنگی سەربەخۆیی ئەو وڵاتە گرت. پاپا جەختی کردەوە کە گەشتەکەی بۆ ئەفریقا دەرفەتێکی گەورەیە بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە کاتێکدا ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گڕی جەنگ دەسوتێت.
بڕیارە پاپا لە گەشتە 11 رۆژییەکەیدا سەردانی کامیروون، ئەنگۆلا و گینیا بکات، لە کاتێکدا هێشتا ململانێ دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ واشنتن لە لووتکەدان.