سلێمانی.. شەوانی سینەمای فەرەنسی بەڕێوەدەچێت
شەوانی سینەمای فەرەنسی لەژێر درووشمی "شوێنێک کە چیرۆکەکان لە رێگەی سینەماوە ژیانیان پێدەگات"، لە سلێمانی لە سیتی سینەما بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ شەممە، 6ـی حوزەیرانی 2026، دانا کەریم، سینەماکار و سەرۆکی رێکخراوی زۆیا کولتوور بە کوردستان24ی گوت، "دەستپێکردنەوەی شەوانی سینەمای فەڕەنسی لە سلێمانی؛ دوای ماوەیەک دابڕان، لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ چالاککردنەوەی ژیانی کولتووری و هونەری شارەکە دەستپێدەکاتەوە. ئەم پڕۆژەیە کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا توانیویەتی شوێنێکی تایبەت لە نێو ئارەزومەندانی سینەما و هونەر بەدەستبهێنێت، ئێستا بە وەرزێکی نوێ و بەرنامەیەکی جیاواز گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی زیاتر لە جاران سینەما وەک زمانێکی هاوبەشی مرۆڤایەتی بخاتە بەردەم بینەران."
دانا کەریم گوتیشی، "شەوانی سینەمای فەرەنسی لە سلێمانی تەنیا نمایشکردنی فیلم نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی کولتوورییە کە هەوڵدەدات لە رێگەی هونەری سینەماوە پردێک لەنێوان کولتوورەکان دروست بکات. ئەم پڕۆگرامە بەردەوام گرنگی بە ناساندنی بەرهەمە سینەماییە جیهانییەکان دەدات، بە تایبەتی ئەو فیلمانەی کە بابەتە مرۆیی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان دەخەنە بەرباس و بوار بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیرۆکە دابین دەکەن."
ئەو سینەماکارە باس لە گرنگی سینەما دەکات و دەڵێت، "هەروەها سینەما زیاتر لە ئامرازێکی کات بەسەربردنە. سینەما دەتوانێت ببێتە هۆکاری تێگەیشتن لە ژیانی خەڵکی تر، ناسینی کولتوورە جیاوازەکان و دروستکردنی گفتوگۆیەکی زیندوو لەنێوان تاکەکان و کۆمەڵگە. لەبەر ئەوەش، شەوانی سینەمای فەرەنسی هەوڵدەدات شوێنێکی کراوە بۆ هەموو ئەوانە دابین بکات کە ئارەزووی ناسینی جیهانی سینەما و رۆشنبیری جیهانییان هەیە."
دانا کەریم ئاماژەی بەوەش دا، "شەوانی سینەمای فەرەنسی بە پاڵپشتی پەیمانگەی فەرەنسی لە هەولێر و لەلایەن دەزگەی زۆیا کولتوورەوە بەڕێوەدەچێت. هەردوو لایەن جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بەردەوام دەبین لە پاڵپشتی چالاکییە هونەری و کولتوورییەکان و دروستکردنی بوار بۆ گەشەپێدانی کولتووری سینەما لە هەرێمی کوردستان."
ئەو سینەماکارە باسی لەوەش کرد، "هەروەها لە ماوەی داهاتوودا ژمارەیەک فیلمی هەڵبژێردراوی فەرەنسی و ئەوروپی پیشان دەدرێن و هەندێک لەو نمایشانەش بە گفتوگۆ و دانیشتنی تایبەت لەگەڵ ئارەزومەندان و پسپۆڕانی بواری سینەما تەواو دەبن، بۆ ئەوەی بینەران تەنیا بە سەیرکردنی فیلم وەستان نەکەن، بەڵکو بەشێک بن لە گفتوگۆ و شیکردنەوەی ناوەڕۆک و گەیاندنی پەیامەکان."
بڕیارە رۆژی چوارشەممە، 10ی حوزەیرانی 2026، شەوانی سینەمای فەرەنسی بە دروشمی "شوێنێک کە چیرۆکەکان لە رێگەی سینەماوە ژیانیان پێدەگات"، یەکەمین چالاکیی ئەم وەرزە نوێیە بە نمایشکردنی فیلمی فەرەنسی "En Fanfare"لە سلێمانی لە سیتی سینەما بەڕێوەبچێت.