سەرەڕای شکستی دانوستانەکان؛ ئەمریکا و ئێران لە گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بەردەوامن

بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرایان کرد کە سەرەڕای شکستی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد لە کۆتایی هەفتەی رابردوو، پەیوەندی و گفتوگۆکان لە نێوان واشنتن و تاران نەوەستاون و ئاماژە بە هەبوونی پێشکەوتن دەکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی لە پێناو کۆتاییهێنان بە جەنگ.

دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی CBS News، بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، شاندی ئەمریکا و سەرکردەکانی ئێران هێشتا لە پەیوەندیدان. بەرپرسێکی باڵا، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە تۆڕەکەی ڕاگەیاندووە: "پێشکەوتن هەیە لە هەوڵەکانمان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن."

هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە پشتڕاستی کردەوە پەیوەندییە بەردەوامەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران نیشانەی پێشکەوتنن لە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا.

ئەم پێشکەوتنە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە گەڕی پێشووی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد بەهۆی ناکۆکی لەسەر پرسی ئەتۆمی بە بێ ئەنجام کۆتایی هاتبوو، بەڵام بەردەوامیی پەیوەندییەکان ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەردوو لایەن، سەرەڕای گرژییە سەربازییەکان و گەمارۆ دەریاییەکان، هێشتا سوورن لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی پێش کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەستەکە.