گۆتێرێز هۆشداری لە پەرەسەندنی گرژییەکان دەدات

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە ئەمریکا و ئێران کرد بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و هەوڵێکی جددی بدەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی و کۆتاییهێنان بە ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

گۆتێرێس لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند: "دوای چەندین هەفتە لە وێرانکاری و ئازار، ئێستا بە روونی دەرکەوتووە، هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ ململانێی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە." ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە ئاگربەستی ئێستا کە ماوەی دوو هەفتەیە بەردەوامە، بە تەواوی بپارێزرێت و هەموو جۆرە پێشێلکارییەک رابگیرێت.

ئەمینداری گشتیی داواشی لە لایەنە ناکۆکەکان کرد رێز لە ئازادی هاتوچۆی دەریایی بگرن، بەتایبەتی لە گەرووی هورمز، ئەوەش بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان.

ئەم بانگەوازەی گۆتێرێز لەکاتێکدایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ئێوارەی رۆژی دووشەممەوە دەستی کردووە بە سەپاندنی گەمارۆیەکی دەریایی بەسەر گەرووی هورمزدا. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە هاتوچۆی ئەو کەشتیانە سنووردار دەکەن کە بەرەو بەندەرەکانی ئێران دەچن یان لەوێوە دێن، بەڵام هاتوچۆی کەشتییەکانی دیکە ئاسایی دەبێت.

هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداریی داوە لە ئەگەری ئەنجامدانی کردەی سەربازی دژی کەشتییە ئێرانییەکان. لە بەرامبەردا تاران ئەم هەنگاوەی واشنتنی بە "نایاسایی" وەسف کردووە و سەرکۆنەی کردووە.

ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارانە دوای ئەوە دێن گفتوگۆی نێوان واشنتن و تاران لە وڵاتی پاکستان، کە 21 کاتژمێری خایاند، رۆژی یەکشەممە بەبێ گەیشتن بە هیچ رێککەوتنێک کۆتایی هات.

گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین و هەستیارترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ بازرگانی نەوت. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە دوای سەرهەڵدانی ململانێکان لە 28ـی شوباتی رابردوو، تاران گەرووەکەی داخست، ئەمەش بووە هۆی پەککەوتنی جووڵەی کەرتی وزە و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.