درەنگ گوڵکردنی هەناری هەڵەبجە باخەوانانی نیگەران کردووە
بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و زۆریی بارانبارین و کەمیی تیشکی خۆر لەمساڵدا، درەختەکانی هەنار لە هەڵەبجە تاوەکو ئێستا گوڵیان نەکردووە.
محەممەد فەتاح یەکێکە لە باخەوانەکانی هەڵەبجە و بژێوی خێزانەکەی لەسەر بەرهەمی باخەکەیەتی.
ئەو باخەوانە ئاماژەی بەوە کرد، "لەو ناوچانەی باران کەمتر باریوە و کەشوهەوا گەرمترە هەنار گوڵی کردووە، بەڵام لە هەڵەبجە بەهۆی ساردی و زۆریی بارانەوە پێشبینی دەکرێت گوڵکردن تاوەکو مانگێکی دیکە بەردەوام بێت. سەرباری ئەوەی ئەم درەنگ گوڵکردنە هەنار لە سەرمای بەهارە دەپارێزێت، بەڵام زۆریی باران زیانی بە میوەکانی وەکو قەیسی، قۆخ، هەڵوژە و سێو گەیاندووە".
هۆکاری ئەم دواکەوتنە تەنیا زۆریی باران نییە، بەڵکوو هۆکاری زانستی و ژینگەیی دیکەشی لە پشتە. شارەزایان روونیان کردەوە، ساردیی شەوان و کەمبوونەوەی تیشکی خۆر بۆ کەمتر لە شەش کاتژمێر لە رۆژێکدا، هەروەها تەڕی و ساردیی خاکی باخەکان وای کردووە رەگ و پەلکی درەختەکان هێشتا بە باشی کار نەکەن بۆ بەرهەمهێنانی گوڵ.
لە لایەکی دیکەوە نەجمەدین عومەر، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە هۆکارەکەی بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا گەڕاندەوە و رایگەیاند، ئەمە رەوتێکی سروشتییە و لە دەرەوەی دەسەڵاتی مرۆڤدایە.
ئەو، گەشبینیی خۆی نیشان دا بە گەرمبوونی پلەکانی گەرما و وشکبوونەوەی خاک درەختەکان ئەو وزە و توانایەی هەیانە بەکاری دەهێنن بۆ گوڵکردن و قەرەبووی ئەم دواکەوتنە دەکەنەوە.
هەڵەبجە بە یەکێک لە ناوچە هەرە گرنگەکانی کوردستان دادەنرێت بۆ بەرهەمهێنانی هەنار و بە جۆرە باشەکەی ناسراوە.
رووبەری باخەکانی هەنار لە پارێزگای هەڵەبجە دەگاتە 10 هەزار دۆنم زەوی و ساڵانە ئەم باخانە نزیکەی 35 هەزار تۆن بەرهەمیان هەیە. بەهۆی ئەم ئاستەنگە سروشتییانە و کەمبوونەوەی گەشەی گوڵەکان، پێشبینی دەکرێت بۆ ئەمساڵ کاریگەریی نەرێنی لەسەر کۆی گشتیی بەرهەمی هەناری هەڵەبجە هەبێت.