پێنتاگۆن قەبارەی هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرا دەکات

ئاژانسی "ئەسۆشیێتد پرێس" (AP) لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بڵاویکردەوە، واشنتن هێزێکی سەربازی و دەریایی گەورەی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکردووە. ئەم هەنگاوە بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی گەمارۆی دەریایی و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسە، سەرەڕای بوونی هێزێکی زۆر لە ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئێستا کەنداو لە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا چۆڵە و هێزەکان لە شوێنە ستراتیژییەکانی دیکە دابەشکراون.

ئەو هێزانەی ئێستا لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودان بریتین لە کەشتی فڕۆکەهەڵگری (ئەبراهام لینکۆڵن)، کە وەک ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی ئاسمانی یان دەریایی لە ناوچەکەدا کاردەکات. هەروها 11 کەشتی تێکشکێنەری جەنگی، ئەرکی سەرەکییان بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکییەکان و دابینکردنی ئاسایشی ڕێڕەوی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانە، لەگەڵ 3 کەشتی هێرشبەری وشکانی، ئەم کەشتیانە بۆ ئۆپەراسیۆنی دابەزینی سەربازی و دەستێوەردانی خێرا ئامادەکراون و کەشتییەکی تایبەت بە جەنگی کەناراوەکان، بۆ پاراستنی ناوچە نزیکەکان لە کەناراوەکان.

ئەم جوڵە سەربازییەی پێنتاگۆن نیشانەی توندکردنەوەی چاودێرییە دەریاییەکان و ئامادەکارییە بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو لە ناوچە پڕ ململانێکاندا.