ئێران گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بە پێشێلکردنی سەروەرییەکەی دەزانێت
ئێران داوای قەرەبوو لە پێنج وڵاتی عەرەبی دەکات
ئێران بە توندی سەرکۆنەی دەستپێکردنی گەمارۆی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆ سەر بەندەرەکانی لە کەنداو و دەریای عومان کرد و ئەم هەنگاوەی بە "پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەروەرییەکەی" وەسف کرد.
ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان "کە ئاژانسی فرانس پرێس بینیویەتی"، رایگەیاند: "سەپاندنی ئەم گەمارۆ دەریاییە پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئێرانە."
ئیرەوانی ئاماژەی بەوەش کردووە ئەم کارە نایاساییە و پێشێلکردنی بنەما سەرەکییەکانی یاسای دەریاکانە. هۆشداریشی دا رەفتارەکەی واشنتن "هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا زیاد دەکات."
لە نامەیەکی جیاوازدا بۆ ئەمینداری گشتیی، باڵیۆزی ئێران داوای لەو وڵاتانەی ناوچەکە کرد، میوانداری بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەن، قەرەبووی ئێران بکەنەوە. بە گوتەی ئەو، ئەم وڵاتانە رێگەیان داوە ئەمریکا "هێرشی چەکداری نایاسایی بکاتە سەر ئامانجە مەدەنییەکان" لە ناو خاکی ئێراندا.
ئیرەوانی نووسیویەتی: "دەبێت وڵاتانی بەحرەین، سعوودیە، قەتەر، ئیمارات و ئوردن قەرەبووی تەواوی ئێران بکەنەوە، لەوانەش هەموو ئەو زیانە ماددی و مەعنەوییانەی کە بەهۆی کارە نایاساییەکانیانەوە بەر ئێران کەوتوون."
باڵیۆزی ئێران تۆمەتی ئەوەی ئاراستەی ئەو پێنج وڵاتە کرد، نەک تەنیا رێگەیان بە ئەمریکا داوە هێرشەکان لە خاکەکەیانەوە ئەنجام بدات، بەڵکو "هەندێک جار راستەوخۆ بەشدارییان لە هێرشە نایاساییەکاندا کردووە." لە بەرامبەردا، ئەو وڵاتانە کە هاوپەیمانی واشنتن وڵاتانە، هەر جۆرە تێوەگلانێک یان بەشداریکردنێکیان لەم جەنگەدا ڕەتکردووەتەوە.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە لە 28ـی شوباتەوە جەنگ دژی ئێران دەستی پێکردووە و بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە زیانێکی زۆر بە ژێرخانی سەربازی و مەدەنی ئێران کەوتووە و ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتووەتەوە.
ئێستا ئاگربەستێکی ناسەقامگیر لە ئارادایە، دوای ئەوەی کۆتایی هەفتەی رابردوو وتووێژەکانی ئیسلام ئاباد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بێ ئەنجام کۆتایییان هات.