ناتانیاهۆ: بەهێزترین گورزی مێژووییمان لە ئێران وەشاند

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە میانی مەراسیمی دەسپێکی یادکردنەوەی قوربانیانی "هۆلۆکۆست" کە ئێوارەی دووشەممە بەڕێوەچوو، رایگەیاند؛ وڵاتەکەی بە پاڵپشتی هاوپەیمانەکەی واشنتن، "بەهێزترین گورز"ی لە مێژوودا لە دەسەڵاتی ئێران داوە.

ناتانیاهۆ لە وتارێکدا لە مۆزەخانەی "یاد ڤاشیم" لە قودس پێشکەشی کرد، گوتی: "بەهێزترین گورزمان لە مێژوودا لە دەسەڵاتی ئێران وەشاندووە." ئەو شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بە ئۆردوگاکانی کۆمەڵکوژی نازییەکان چواند و گوتی: "ئەگەر هەنگاومان نەنەبایە، ناوی شوێنەکانی وەک نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان بۆ هەمیشە بە شەرمەزارییەوە دەبەسترانەوە بە مێژووەوە، وەک ئۆشڤیتز، تریبلینکا و مای دانیک."

ئەم لێدوانانەی ناتانیاهۆ لە کاتێکدایە ئیسرائیل یادی شەش ملیۆن جوو دەکاتەوە کە لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا لەلایەن نازییەکانەوە کوژران. ئەم مەراسیمە لە سایەی ئاگربەستێکی ناسەقامگیر لە نێوان ئەمریکا و ئێران و بەردەوامی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان بەڕێوەدەچێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا، ناتانیاهۆ ئاشکرای کرد، "جەی دی ڤانس"، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە دوای جێهێشتنی ئیسلام ئاباد پەیوەندی پێوە کردووە و دوایین زانیارییەکانی دەربارەی دانوستانەکانی ئەم دواییەی لەگەڵ ئێران پێ داوە، کە بێ هیچ رێککەوتنێک کۆتایییان هاتووە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی هەفتانەی حکوومەتەکەیدا جەختی کردەوە: "بەهۆی ئەوەی ئێران یاساکانی پێشێل کردووە، سەرۆک ترەمپ بڕیاری داوە گەمارۆیەکی دەریایی بخاتە سەر ئەو وڵاتە. ئێمە بە دڵنیاییەوە پشتگیری لەم هەڵوێستە توندە دەکەین و هەماهەنگییەکی بەردەواممان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان هەیە."