جەی دی ڤانس: ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی تاراندایە
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ واشنتن لە میانی دانوستانەکانیدا لەگەڵ ئێران سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێڵە سوورەکانی خۆی بە روونی خستووەتەروو، و ئێستاش "تۆپەکە لە گۆڕەپانی تاراندا"یە بۆ بڕیاردان.
فانس لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لە وڵاتی پاکستان سەرۆکایەتی شاندێکی ئەمریکی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆبوونەوە، بەڵام دانوستانەکان بەبێ گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە پێنج هەفتەییەی ناوچەکە کۆتایی هات، کە لە 28ـی شوباتەوە بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکردووە.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" گوتی: "پێموایە ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە، چونکە ئێمە بە روونی هێڵە سوورەکانی خۆمان دیاریکردووە."
سەبارەت بە مەرجەکانی ئەمریکا، فانس ئاماژەی بەوە کرد، دوو خاڵی سەرەکی هەن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هیچ نەرمیەکی تێدا نانوێنێت، ئەوانیش بریتین لە:
1- کۆنترۆڵکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە.
2- دانانی میکانیزمێکی پشکنینی ورد بۆ دەستەبەرکردنی ئەوەی ئێران لە داهاتوودا چەکی ئەتۆمی پەرەپێنادات.
فانس گوتیشی: "بۆ ئێرانییەکان ئاسانە بڵێن چەکی ئەتۆمیمان نابێت، بەڵام بۆ ئێمە قورسە میکانیزمێکی پێویست دابنێین کە گەرەنتی ئەوە بکات ئەو کارە روو نادات."
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، واشنتن چاوەڕوان دەكات لە بەرامبەر ئەو ئاگربەستە دوو هەفتەییەی کە هەفتەی رابردوو هەردوولا لەسەری رێککەوتبوون، ئێران گەرووی هورمز بە تەواوی بەرووی هاتوچۆدا بکاتەوە.