بلومبێرگ: نرخی بەرمیلێک نەوت دەگاتە 150 دۆلار

بەهۆی سەپاندنی گەمارۆکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران و گرژییەکانی گەرووی هورمز، پێشبینی دەکرێت نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە 150 دۆلار.

ئاژانسی "بلوومبێرگ" لە راپۆرتێکدا دەربارەی دەرئەنجامی سەپاندنی گەمارۆکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا رایگەیاند، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت پێشبینی دەکرێت نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 150 دۆلار بەرز ببێتەوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کرد، چارەنووسی بازاڕی وزەی جیهانی لە بەردەم نادیاریدایە. هاوکات هۆشداری دا لە بەردەوامبوونی گەمارۆکان بۆ سەر گەرووی هورمز و روونیشی کردەوە، گرژییەکانی ئەو ناوچەیە وا دەکەن نرخی نەوت بگاتە بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆی.

 یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بەندەرەکانی ئێران ناسەقامگیریی بازاڕە و ئەو بەرزبوونەوەیەش گرفتی گەورە بۆ وڵاتانی کڕیاری نەوت دروست دەکات.

 نرخی نەوت لە جیهاندا ناسەقامگیرییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. لە دوای شکستهێنانی دانوستانەکانی واشنتن و تاران، هێزی دەریایی ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ رێگریکردن لە هاتوچۆی کەشتییەکان بۆ بەندەرەکانی ئێران و گەرووی هورمز.

جۆرج مۆنتێپێک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی "ئۆنیکس کاپیتاڵ" بە ئاژانسی بلومبێرگی راگەیاند، داخستنی گەرووی هورمز دەبێتە هۆی لەدەستدانی 12 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا. 

مۆنتێپێک ئاماژەی بەوە دا، بەرزبوونەوەی ئێستای نرخی نەوت دەربڕی مەترسییە راستەقینەکان نییە و دەبێت نرخی بەرمیلێک لە نێوان 140 بۆ 150 دۆلار بێت.

لە لایەکی دیکەوە، داتاکانی گرووپی بۆرسەی لەندەن (LSEG) دەریدەخەن نرخی نەوتی کاڵ بۆ گەیاندنی خێرا بە وڵاتانی ئەوروپا گەیشتووەتە نزیکەی 150 دۆلار. ئەم بەرزبوونەوەیەش بەهۆی ترسی کڕیارانە لە پچڕانی بەردەوامی هەناردەی نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەپاندنی گەمارۆکان لەلایەن ترەمپەوە.