ڤۆندێرلاین: قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئابووریی ئەوروپا هەبووە
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا هۆشداری دەدات لە لێکەوتە ئابوورییەکانی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رایدەگەیەنێت، ئەم قەیرانە بە روونی کاریگەری لەسەر بژێوی هاووڵاتییان و کۆمپانیاکانی یەکێتیی ئەوروپا دروستکردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، تەنیا لە ماوەی 44 رۆژدا، تێچووی هاوردەکردنی سووتەمەنی بۆ ئەوروپا 22 ملیار یۆرۆ زیادیکردووە.
رۆژی دووشەممە، ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، لێکەوتەکانی قەیرانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چیدیکە قەیرانێکی دوور نییە لە ئەوروپا، بەڵکو بووەتە "بابەتێکی پەیوەندیدار بە ژیانی رۆژانەی ئەوروپییەکان" و کاریگەری لەسەر نرخی سووتەمەنی، پسوولەی گەرمکەرەوە و نرخی کاڵا سەرەکییەکان دروستکردووە.
ئەم لێدوانانەی ڤۆندێرلاین دوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە برۆکسل هات، کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی لێکەوتە ئابووری، ئەمنی و وزەییەکانی قەیرانی ناوچەکە، لە کاتێکدا مەترسییەکان بۆ سەر بازاڕەکانی ئەوروپا لە زیادبووندان.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئاشکرای کرد، یەکێتیی ئەوروپا لە چەند هەفتەی رابردوودا باجێکی قورسی داوە، بە جۆرێک تێچووی هاوردەکردنی سووتەمەنی بە بڕی 22 ملیار یۆرۆ لە ماوەی تەنیا 44 رۆژدا زیادیکردووە، بێ ئەوەی هیچ زیادبوونێک لە بڕی دابینکردنی وزەدا هەبێت.
ڤۆن دێر لاین ئاماژەی بەوەش کرد، هەفتەی داهاتوو لە میانی کۆبوونەوەی نافەرمی ئەنجوومەنی ئەوروپا لە قوبرس، پاکێجێک لە پێشنیازی کرداری بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە دەخەنە روو، کە هەماهەنگی زیاتری وڵاتانی ئەندام لە بواری وزە و پشتگیریکردنی خێزانە کەمدەرامەتەکان و خێراکردنی هەنگاوەکان بەرەو سەربەخۆیی وزە لەخۆ دەگرێت.
سەبارەت بە رێکارە بەپەلەکان، ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەولەویەتی سەرەکییان بریتییە لە هەماهەنگی بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی گاز و یەدەگی نەوت، بۆ ئەوەی رێگریی بکەن لەوەی بازاڕی ئەوروپا ببێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان حکوومەتەکان. هەروەها گوتیشی: "کار لەسەر پێداچوونەوە بە رێساکانی هاوکاریی دەوڵەتی دەکەین، تاوەکو حکوومەتەکان دەسەڵاتی زیاتریان هەبێت بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەرتانەی بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزەوە زیانیان بەرکەوتووە."
لە لایەکی دیکەوە، ڤۆندێرلاین داوای خێراکردنی بەرنامەکانی کەمکردنەوەی بەکاربردن و مۆدێرنکردنی کەرتی پیشەسازی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا زیاتر لە 70%ی بەرهەمهێنانی کارەبا لە یەکێتیی ئەوروپا لە سەرچاوە نوێبووەوەکان و وزەی ئەتۆمییەوە دابین دەکرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند کە پێش وەرزی هاوین، ستراتیژییەکی نوێ بۆ کارەبایی کردنی ئابووری ئەوروپا رادەگەیەنن، کە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە هاوردەکردنی دەرەکی و هێنانەدی سەقامگیری زیاتر لە نرخەکاندا.