نوێترین زانیاری لەبارەی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران
دوای شکستهێنانی گەڕی یەکەمی دانوستانەکان، چاوەکان روویان لە دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان، هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش پێش کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەست چڕ بوونەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، ئاژانسی "ئەسۆشییەیتد پرێس" لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکی و دیپلۆماتکارێکی وڵاتانی ناوبژیوانەوە بڵاوی کردەوە، واشنتن و تاران تاوتوێی بەستنی گەڕێکی نوێی گفتوگۆی راستەوخۆ دەکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک و کۆتاییهێنان بە جەنگە شەش هەفتەییەکەیان پێش ئەوەی وادەی ئاگربەست لە هەفتەی داهاتوودا کۆتایی بێت.
لە لایەکی دیکەوە چوار سەرچاوە بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاند، ئەم هەفتەیە ئەمریکا و ئێران بۆ تەواوکردنی دانوستانەکان دەگەڕێنەوە ئیسلام ئاباد.
سەبارەت بە شوێنی کۆبوونەوەکە، دوو بەرپرسی پاکستانی ئاشکرایان کرد، پێشنیازیان کردووە وڵاتەکەیان میوانداریی گەڕی دووەمی دانوستانەکان بکات و جنێڤیش وەک بژاردەی جێگرەوە دیاری کراوە. روونیشیان کردەوە، گفتوگۆکان سەبارەت بە شوێن و کاتی کۆبوونەوەکە بەردەوامن و پێشبینی دەکرێت رۆژی پێنجشەممە، 16ـی نیسانی 2026، بەڕێوە بچێت.
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ـی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، ناوبژیوانەکانی پاکستان و میسر و تورکیا لە چەند رۆژی داهاتوودا لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونەکان. هاوکات شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان دووپاتی کردەوە، ئاگربەستەکە هێشتا ماوە و هەوڵی چڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان دەدرێت.
لەلای خۆیەوە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە کەناڵی "فۆکس نیوز"ی راگەیاند، واشنتن پێشکەوتنی گەورەی لە گفتوگۆکاندا بەدەست هێناوە و تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە.
لە بەرانبەردا مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا هۆکاری شکستهێنانی گەڕی یەکەمی بۆ داواکارییە زۆرەکانی واشنتن گەڕاندەوە و ئاماژەی بەوە دا، دیپلۆماسییەت بژاردەی دڵخوازی تارانە بە مەرجی پاراستنی سەروەریی نیشتمانی.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی شەش هەفتەیی نێوان ئەمریکا و ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵدا، رۆژی 8ـی نیسان بە نێوەندگیریی پاکستان هەردوو وڵات گەیشتنە ئاگربەستێکی کاتی. دواتر لە رۆژانی 11 و 12ـی نیسان، گەڕی یەکەمی دانوستانەکان لە ئیسلام ئاباد بە بەشداریی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بەڕێوە چوو، بەڵام بەبێ هیچ رێککەوتنێک کۆتایی هات.
هۆکاری سەرەکیی شکستهێنانی گەڕی یەکەم بۆ ناکۆکییەکانی هەردوولا دەربارەی دۆخی لوبنان و داخستنی گەرووی هورمز دەگەڕێتەوە.
دوابەدوای شکستی دانوستانەکان، دۆناڵد ترەمپ لە رۆژی 13ـی نیسانەوە بڕیاری دا گەمارۆی دەریایی بخاتە سەر بەندەرەکانی ئێران و رێگری لە فرۆشتنی نەوتی ئەو وڵاتە بکات، ئەمەش ئاستەنگی گەورەی لە بەردەم هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا دروست کردووە.
لە ئێستاشدا هەوڵێکی چڕی نێودەوڵەتی هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان پێش ئەوەی وادەی ئاگربەستەکە لە 21ـی نیسان کۆتایی بێت.