ئەمریکا کەشتیی پاککەرەوەی مینی لە ژاپۆنەوە دەنێرێتە گەرووی هورمز

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ توندکردنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران، دوو کەشتیی تایبەت بە پاککردنەوەی مینی لە ژاپۆنەوە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێ کرد و زیاتر لە 15 کەشتیی جەنگیی تریشی بۆ دەستەبەرکردنی گەمارۆکە لە دەوروبەری گەرووی هورمز جێگیر کردووە.

سێشەممە 14ـی نیسانی 2026، پێگەی "War Time Zone"ـی ئەمریکی رایگەیاند هەر دوو کەشتیی "USS Chief" و "USS Pioneer" کە لە جۆری "ئەڤینجەر"ن و تایبەتن بە دۆزینەوە و لەناوبردنی مین، بنکەی خۆیان لە ژاپۆن جێهێشتووە. داتاکانی ماڵپەڕی "MarineTraffic" نیشانی دەدەن کە ئەم کەشتییانە گەرووی مەلاقایان بڕیوە و رۆژی سێشەممە گەیشتوونەتە کەناراوەکانی تایلەند، بە ئامانجی چوون بۆ ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە گەرووی هورمز.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندووە کە دەستیان کردووە بە ئامادەکارییەکان بۆ پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مینە دەریاییەکان. بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا چەندین غەواسەی بێفڕۆکەوان و کەشتیی دیکەی پشتیوانی پەیوەندی بەم ئۆپەراسیۆنەوە بکەن بۆ دەستەبەرکردنی رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکان و پاراستنی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا.

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، واشنتن زیاتر لە 15 کەشتیی جەنگیی بۆ پشتگیریکردنی پڕۆسەی گەمارۆدانی ئێران رەوانەی ناوچەکە کردووە. ئەم هێزە گەورەیە پێکدێت لە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر، چەندین کەشتیی تێکشکێنەری مووشەکی، کەشتیی هێرشبەری "ئەمفیبی" و کەشتیی جەنگیی کەناراوەکان.

بەگوێرەی سەرچاوە سەربازییەکان، ئەم کەشتییانە مۆدێرنترین هێڵکۆپتەریان پێیە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی رێگریکردن و پشکنین و توانای ئەوەیان هەیە ئاراستەی کەشتییە بازرگانییەکان بگۆڕن و کۆنترۆڵی تەواوی جووڵەکانیان بکەن.

ئەم جوڵە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە لە رۆژی دووشەممەوە فەرمانی گەمارۆدانی دەریایی ئێران چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە تێیدا ئەمریکا کۆنتڕۆڵی تەواوی هاتوچۆی ئەو کەشتییانە دەکات کە دێنە ناو بەندەرە ئێرانییەکان یان لێی دەچنە دەرەوە، ئەمەش وەک فشارێکی قورس بۆ سەر تاران لە ناوەڕاستی دانوستانە ئەتۆمییە ئاڵۆزەکاندا.