قەتەر: هیچ جۆرە گفتوگۆ و دانوستانێک لە نێوان قەتەر و ئێراندا نەکراوە
گوتەبێژی وەزارەتی قەتەر رایگەیاند، ئەوەی ئێستا روودەدات، یارمەتیدەر نییە بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆی سەر گەرووی هورمز،
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، ماجد ئەنساڕی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، رایگەیاند، نابێت ئاسایش و دۆخی گەرووی هورمز بەهۆی هیچ هەنگاوێکی هەڵکشانی گرژییەکان لەلایەن هەر لایەنێکەوە زیانی پێ بگات، ئەمە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سەرکۆنە کراوە و ئێمەش دژی هەر هەوڵێک وەستاوینەتەوە بۆ بەسیاسییکردن یان بەکارهێنانی گەرووی هورمز لەم ململانێیەدا.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئەوەی ئێستا روودەدات، یارمەتیدەر نییە بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆی سەر گەرووی هورمز، ئێمە هەمیشە گوتوومانە کە پێویستە چارەسەرێکی بەردەوام هەبێت گەرەنتی ئەوە بکات هیچ لایەنێک نەتوانێت و نەیەوێت ڕێگری لە هاتووچۆ لە ڕێگەی گەرووەکەوە بکات.
هەروەها گوتی: هیچ جۆرە گفتوگۆ و دانوستانێک لە نێوان قەتەر و ئێراندا نەکراوە سەبارەت بە پێدانی پارە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان، جەختیشی کردەوە کە "ئەو ئیدیعایانەی لەو بارەیەوە بڵاوکراونەتەوە هیچ بنەمایەکی راستییان نییە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر باسی لەوەش کرد، "هەماهەنگییەکی ئاست بەرزمان لەگەڵ پاکستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیە."
هەروەها ئەنساری ئەوەشی خستەڕوو، کە قەتەر هەموو داواکارییەکانی خۆی بە فەرمی و لە ڕێگەی ئەو کەناڵە دیپلۆماسییانەوە دەخاتە ڕوو کە لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیدا هەیەتی.