سێنتکۆم: لە یەکەم 24 کاتژمێردا هیچ کەشتییەک نەیتوانی گەمارۆی سەر ئێران ببڕێت

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە یەکەم شەو و رۆژی دەستپێکردنی گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران، هیچ کەشتییەک نەیتوانیوە بەناو هێزەکانیاندا تێپەڕێت و شەش کەشتیی بازرگانیش ناچار کراون بگەڕێنەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەدایە کە 10 هەزار سەرباز تێیدا بەشدارن.

سێشەممە 14ـی نیسانی 2026، سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماری یەکەم 24 کاتژمێری ئۆپەراسیۆنی گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێرانی بڵاو کردەوە. بەپێی راپۆرتەکە، شەش کەشتیی بازرگانی کە ویستوویانە بچنە ناو بەندەرە ئێرانییەکان یان لێی بێنە دەرەوە، دوای وەرگرتنی فەرمان لە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا، پابەندی رێنماییەکان بوون و بەرەو بەندەرەکانی ئێران لە دەریای عومان گەڕاونەتەوە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 10 هەزار کارمەند لە هێزی دەریایی، مارێنز و هێزی ئاسمانی لە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکەدا بەشدارن. هێزەکان پشتبەستوون بە ژێرخانێکی سەربازیی بەهێز کە پێکهاتووە لە زیاتر لە 12 کەشتیی جەنگیی گەورە (کەشتیی فڕۆکەهەڵگر، تێکشکێنەری مووشەکی، و کەشتیی هێرشبەری ئەمفیبی) و زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگی، هەواڵگری و بێفڕۆکەوان بۆ چاودێریکردنی وردی ناوچەکە.

سێنتکۆم جەختی کردەوە کە گەمارۆکە بەبێ جیاوازی بەسەر کەشتییەکانی هەموو وڵاتاندا جێبەجێ دەکرێت ئەگەر مەبەستیان چوونە ناو یان هاتنە دەرەوە بێت لە بەندەر و ناوچە کەناراوەکانی ئێران، چ لە کەنداوی (فارس) بێت یان لە دەریای عومان.

هاوکات، سێنتکۆم رایگەیاند کە هێزەکانیان پابەندن بە پاراستنی ئازادیی دەریاوانی بۆ ئەو کەشتییانەی کە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن و روویان لە بەندەرە نێودەوڵەتییەکانی تری ناوچەکەیە و پەیوەندییان بە ئێرانەوە نییە.

دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە بە فەرمی دەست دەکات بە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی بەسەر سەرجەم ئەو کەشتیانەی دەچنە نێو بەندەرەکانی ئێران یان لێیان دەردەچن، ئەمەش وەک وەڵامێکی راستەوخۆ بۆ شکستی دانوستانەکان.

سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردبوو، لە کاتژمێر 17:00ـی رۆژی دووشەممە، هێزەکانیان دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی بەسەر هەموو جۆرە کەشتییەکان لە بەندەرەکانی ئێران.