ترەمپ: ئەگەری هەیە لە دوو رۆژی داهاتوودا لە پاکستان لەگەڵ ئێران کۆببینەوە

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ پەیامنێری رۆژنامەی نیویۆرک پۆست ئاشکرای کرد، کە ئەگەری زۆرە لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێبکاتەوە.

سێشەممە 14ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە پەیامنێری رۆژنامەی نیوویۆرک پۆست لە ئیسلام ئاباد ڕاگەیاندووە: "پێویستە لە پاکستان بمێننەوە، چونکە ئەگەری هەیە لە دوو رۆژی داهاتوودا شتێک رووبدات. ئێمە زیاتر مەیلمان بۆ ئەوە هەیە بچینە ئەوێ."

ترەمپ لە پەیوەندییەکەدا ستایشی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستانی کرد و بە کەسێکی ناوازە وەسفی کرد. سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد ساڵی رابردوو و لە کاتی جەنگی نێوان پاکستان و هیندستاندا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ مونیر دروستکردووە، کە تێیدا ئەمریکا هاوکار بوو لە واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لە ماوەی تەنیا چوار رۆژدا.

سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانەکەیدا جەختی لەسەر پێگەی پاکستان وەک شوێنی دانوستانەکان کردەوە و گوتی: "فەرماندەی سوپای پاکستان کارێکی گەورە دەکات، بۆیە زۆر ئەگەر هەیە بگەڕێینەوە ئەوێ. بۆچی دەبێت بچینە وڵاتێک کە هیچ پەیوەندییەکی بە بابەتەکەوە نییە؟"

ئەم لێدوانە ترەمپ ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە واشنتن بژاردەی وڵاتانی ئەوروپی وەک سویسرا و نەمسا و تورکیای رەت کردووەتەوە و دەیەوێت لەژێر سایەی متمانەی بە سەرکردایەتی سەربازیی پاکستان، گەڕێکی دیکەی گفتوگۆیە راستەوخۆکان لەگەڵ تاران ئەنجام بدات، بە هیوای ئەوەی پێش کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەست لە 21ـی نیساندا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.

یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، جەی دی ڤانس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئیسلام ئاباد رایگەیاندبوو، "شاندەکانی واشنتن و تاران بۆ ماوەی 21 کاتژمێر دانوستانیان کرد، بەڵام نەگەیشتینە رێککەوتنێکی وا کە جێگەی رەزامەندی هەردوولا بێت."  ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان وەک لایەنی ئەمریکی باشترین پێشنیازیان پێشکەش بە لایەنی ئێرانی کردووە، بەڵام رەتیکردەوە وردەکاری زیاتری ناوەڕۆکی پێشنیازەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات.