وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا قۆناغی رقی ئابووری دژی ئێران دەستپێدەکات
وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند کە گوشارەکان بۆ سەر ئێران دەگەیەنێتە لووتکە و لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆتایی بە لێخۆشبوونەکانی سەر نەوتی ئەو وڵاتە دەهێنێت، هاوکات هۆشداریی توندیشی داوەتە بانکە جیهانییەکان کە رووبەڕووی سزای قورس دەبنەوە ئەگەر مامەڵە لەگەڵ تاران بکەن.
سێشەممە 14ـی نیسانی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا لە هەژماری فەرمی خۆی ئاشکرای کرد کە بە ستراتیژییەتی "رقی ئابووری" (Economic Fury) هەنگاو دەنێت بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی "زۆرترین فشار" (Maximum Pressure) دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
وەزارەتەکە هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی سەرجەم دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان کردووە و رایگەیاندووە، تەواوی ئامراز و دەسەڵاتە یاساییەکانی بەکاردەهێنێت و ئامادەیە سزای لاوەکی بەسەر ئەو بانکە بیانییانەدا بسەپێنێت کە بەردەوامن لە پشتگیریکردنی چالاکییەکانی ئێران و ئاسانکاریی دارایی بۆ دەکەن.
سەبارەت بە کەرتی وزە، وەزارەتی گەنجینە بڕیارێکی چارەنووسسازی دا و رایگەیاند: "ئەو مۆڵەتە کورتخایەنەی کە رێگەی دەدا بە فرۆشتنی ئەو نەوتە ئێرانییەی کە پێشتر لە ناو کەشتییەکاندا لە ناوەڕاستی دەریا مابوونەوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا بەسەردەچێت و بە هیچ شێوەیەک نوێ ناکرێتەوە."
هەروەها بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، ئەو لێخۆشبوونەی وەزارەتی گەنجینە لە 20ی ئادار دەریکردبوو، لە رۆژی یەکشەممە 19ـی ئەم مانگەدا بەسەردەچێت و درێژ ناکرێتەوە. ئەو لێخۆشبوونە رێگەی دابوو نزیکەی 140 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران کە لە ناو کەشتییەکاندا بوون بگەنە بازاڕەکان بۆ کەمکردنەوەی پەستانی وزە لە کاتی جەنگدا، بەڵام ئێستا واشنتن بڕیاری داوە ئەو دەرچەیەش دابخات.
یەکێک لە بەرپرسەکان رایگەیاندووە کە ئەم بڕیارە ئاماژەیە بۆ ئەوەی وەزارەتی گەنجینە بە تەواوی توانایەوە چووەتە نێو قۆناغی "رقی ئابووری" دژی تاران، کە هاوتایە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی (Epic Fury) کە ئەمریکا دژی ئێران دەستی پێکردووە.
ئەم هەنگاوەی ئیدارەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە یاسادانەرانی ئەمریکا لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات رەخنەی توندیان لە ئیدارەکە گرتبوو بەوەی نەرمی بەرانبەر تاران و مۆسکۆ نواندووە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هاوشێوەی ئێران، واشنتن لێخۆشبوونی سزاکانی سەر نەوتی رووسیاشی لە دەریاکاندا نوێ نەکردووەتەوە، کە شەممەی رابردوو بەسەرچوو.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، گەمارۆدانی گەرووی هورمز دەستەبەری ئەوە دەکات کە هیچ کەشتییەکی چینی یان وڵاتانی دیکە نەتوانن نەوتی ئێران بگوازنەوە. بێسێنت گوتی: "چین دەتوانێت نەوت لە هەر شوێنێک بکڕێت، بەڵام نەوتی ئێران نا." جێی ئاماژەیە چین زیاتر لە 90%ـی نەوتی هەناردەکراوی ئێران دەکڕێت، کە دەکاتە 8%ـی کۆی گشتیی کڕینی ساڵانەی نەوتی ئەو وڵاتە.