وۆڵ ستریت جۆرناڵ: لە دوێنێوە زیاتر لە 20 کەشتی بەنێو گەرووی هورمزدا تێپەڕیون

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، کە لە 24 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 20 کەشتیی بازرگانی توانیویانە بەناو گەرووی ستراتیژیی هورمزدا تێپەڕ ببن. هەرچەندە هاتوچۆکە هێشتا بەراورد بە پێش جەنگ زۆر کەمە، بەڵام ئەمە وەک پێشوەچوونێک لەو رێڕەوە ئاوییە هەستیارەدا دەبینرێت.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەو کەشتییانەی لەم 24 کاتژمێرەدا گەرووەکەیان بڕیوە، بریتین لە کەشتیی بارهەڵگر، کۆنتێنەر و کەشتیی نەوتهەڵگر کە چوونەتە ناو کەنداوی (فارس) یان لێی هاتوونەتە دەرەوە. بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی هێرشەکانی ئێران، هەندێک لەم کەشتییانە ئامێری پەیوەندی و شوێنپێهەڵگرتنیان (Transponders) کوژاندووەتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای کردووە ئێران گەرووی هورمز بە رووی بازرگانیدا بکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، دوو کەشتیی جەنگیی ئەمریکا بە مەبەستی چەسپاندنی ئازادیی دەریاوانی بەنێو گەرووەکەدا تێپەڕین بۆ هاندانی کەشتییە بازرگانییەکان. هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند لە رۆژی شەممەوە دەستیان کردووە بە ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی گەرووەکە لەو مینە دەریاییانەی کە ئێران چاندوویەتی.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە ئەمریکا سەپاندوویەتی، تەنیا "بەندەرەکانی ئێران" دەگرێتەوە. بۆیە ئەو کەشتییە بازرگانییانەی کە روویان لە بەندەرەکانی تری ناوچەکەیە و سەردانی ئێران ناکەن، رێگەیان پێ دەدرێت بە ئازادی و بەبێ هیچ رێگرییەک لە گەرووی هورمزدا هاتوچۆ بکەن.