جی دی ڤانس: ئەمریکا هەوڵی رێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ ئێران دەدات
جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی نیسانی 2026، رایگەیاند؛ ئەمریکا هەوڵ بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ ئێران دەدات. ئاماژەی بەوەش کرد، تاران خواستی هاوشێوەی نیشانداوە بۆ گەیشتن بە لێکگەیشتنێکی هاوبەش.
ڤانس لە وتارێکدا لە زانکۆی "جۆرجیا" رایگەیاند، سەرەڕای بەردەوامی دانوستانەکان، رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران هێشتا جێگیرە. ئاماژەی بەوەش کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، نایەوێت رێککەوتنێکی سنووردار ئەنجام بدات، بەڵکو داوای چارەسەرێکی فراوانتر دەکات، هەموو دۆسیە جیاوازەکان بگرێتەوە، بەتایبەت رێگریکردن لە ئێران لە دابینکردنی دارایی بۆ گرووپە بریکارەکانی لە ناوچەکەدا.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، گەیشتن بە چارەسەر لەگەڵ ئێران بە خێرایی بەدی نایەت، ئەوەش بەهۆی کەڵەکەبوونی بێ متمانەیی نێوان هەردوو لایەن لە ماوەی رابردوودا. رونیشیکردەوە، ئێستا تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆکان بریتین لە دڵنیابوونەوە لەوەی تاران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
لەگەڵ ئەوەشدا، ڤانس خۆشحاڵی خۆی بە ئاڕاستەی ئێستای گفتوگۆکان دەربڕی و جەختی کردەوە، شاندی دانوستانکاری ئێران ئارەزووی گەیشتن بە رێککەوتنیان نیشانداوە.
ڤانس گوتی: "ئەمریکا ئامادەیە لە رووی ئابوورییەوە وەک دەوڵەتێکی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ ئێران بکات، ئەگەر تاران ئامادەیی نیشان بدات کە وەک دەوڵەتێکی ئاسایی رەفتار بکات."
ئەم لێدوانانەی ڤانس دوای ئەوە دێن دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد لە 11 و 12ـی نیسان بەبێ رێککەوتن کۆتایی هاتن. ئەو دانوستانانە کە 21 کاتژمێری خایاند، یەکەم گفتوگۆی راستەوخۆی ئەو دوو وڵاتە بوو لە دوای ساڵی 1979وە.
لەو کۆبوونەوانەدا جی دی ڤانس سەرۆکایەتی شاندی ئەمریکای کرد و لە بەرامبەردا محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەشدار بوون. خاڵەکان زیاتر لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، سزاکان و دۆسیەی گەرووی هورمز بوون، سەرەڕای ئەوەی ئاگربەستێکی لەرزۆک لە نێوانیاندا بەردەوامە.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەری هەیە لە دوو رۆژی داهاتوودا دانوستانەکان لە پاکستان دەستپێبکەنەوە. هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوە ئێرانی و ئیسلام ئابادییەکانەوە گواستییەوە کە تیمەکانی دانوستان ئامادەکاری دەکەن بۆ گەڕانەوە بۆ پاکستان لەم هەفتەیەدا، بەبێ ئەوەی وادەیەکی دیاریکراو دەستنیشان بکرێت.