ترەمپ: بیر لە درێژکردنەوەی ئاگربەست ناکەینەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، بیر لە درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران ناکاتەوە و پێشبینی دەکات لە ماوەی 2 رۆژی داهاتوودا پێشهاتی گەورە و "سەرسوڕهێنەر" رووبدەن، ئاماژە بەوەش دەکات کە گەیشتن بە رێککەوتن باشترین بژاردەیە بۆ ئەوەی تاران بتوانێت وڵاتەکەی سەرلەنوێ بونیاد بنێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە لێدوانێکیدا بۆ "ئەی بی سی نیوز" رایگەیاند، بیر لە درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران ناکاتەوە، چونکە بە ئەگەرێکی زۆرەوە پێویست بەوە ناکات.
لە کاتێکدا دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بۆ گەیشتن بە رێککەوتن دەستیان پێکردووەتەوە، ترەمپ گوتی: "پێموایە لە 2 رۆژی داهاتوودا بینەری رووداوی سەرسوڕهێنەر دەبن، بە راستی وا دەبینم."
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەنجامەکە بە هەر لایەکدا بڕوات، بەڵام گەیشتن بە رێککەوتن باشترە، چونکە ئەو کاتە ئێرانییەکان دەتوانن دەست بکەنەوە بە ئاوەدانکردنەوە، گوتیشی: "ئێستا ئەوان رژێمێکی جیاوازن، هەرچییەک بێت ئێمە رادیکاڵەکانمان لەناو برد، ئەوان رۆیشتن و چیدیکە لەناوماندا نەماون."
لە کۆتایی قسەکانیدا ترەمپ جەختی کردەوە و گوتی: "ئەگەر من سەرۆک نەبوومایە، جیهان پارچەپارچە دەبوو."