سێنتکۆم: لە 48 کاتژمێری رابردوودا هیچ کەشتییەک بەندەرەکانی ئێرانیان جێنەهێشتووە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) سەرکەوتنی 48 کاتژمێری یەکەمی گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێرانی راگەیاند و جەختی کردەوە کە توانیویانە کۆنترۆڵی تەواوی جووڵە دەریاییەکان بکەن. بەپێی راگەیەندراوەکە، هێزەکانی ئەمریکا رێگرییان لە تێپەڕبوونی سەرجەم کەشتییەکان کردووە و تاوەکو ئێستا 9 کەشتیی بازرگانییان ناچار کردووە ئاراستەکانیان بگۆڕن

چوارشەممە 15ی نیسانی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە میانی 48 کاتژمێری یەکەمی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی ئێران، هێزەکانیان سەرکەوتووبوون لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی جووڵە دەریاییەکان و هیچ کەشتییەک نەیتوانیوە بە ناو هێزەکانی ئەمریکادا تێپەڕێت.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە کە تاوەکوو ئێستا 9 کەشتی بازرگانی پابەندی رێنمایی و فەرمانەکانی هێزەکانی ئەمریکا بوون؛ ئەو کەشتیانە دوای ئاگادارکردنەوەیان، ناچارکراون ئاراستەکەیان بگۆڕن و بگەڕێنەوە بەرەو بەندەرەکانی ئێران یان ناوچە کەنارییەکانی ئەو وڵاتە.

ئەم توندکردنەوەی گەمارۆ دەریاییە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا دەیەوێت لە رێگەی بڕینی سەرچاوە داراییەکان و راگرتنی هەناردەی نەوت، زۆرترین فشار بخاتە سەر تاران بۆ ئەوەی لە دانوستانەکاندا پاشەکشە بکات و رێککەوتنی کۆتایی بۆ راگرتنی جەنگ واژۆ بکات.

دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاندبوو، لە ئەمڕۆوە بە فەرمی دەست دەکات بە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی بەسەر سەرجەم ئەو کەشتیانەی دەچنە نێو بەندەرەکانی ئێران یان لێیان دەردەچن، ئەمەش وەک وەڵامێکی راستەوخۆ بۆ شکستی دانوستانەکان.

سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردبوو، لە کاتژمێر 17:00ـی رۆژی دووشەممە، هێزەکانیان دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی بەسەر هەموو جۆرە کەشتییەکان لە بەندەرەکانی ئێران.