تەسنیم: ئێران تا ئێستا رەزامەندیی لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست نەداوە

ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" ئاشکرای کرد، کە سەرەڕای ئامادەیی چەند وڵاتێکی ئەوروپی بۆ میوانداریکردنی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن، بەڵام ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان وەک شوێنی سەرەکی بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی داهاتووی دانوستانەکان دەمێنێتەوە.

چوارشەممە، 15ـی نیسانی 2026، ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ـی ئێرانی بڵاوی کردەوە، کە سەرەڕای ئەوەی چەند وڵاتێکی ئەوروپی ئامادەیی خۆیان بۆ میوانداریکردنی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەربڕیوە، بەڵام لە ئەگەر بڕیاردانی ئێران بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆکان، شاری ئیسلام ئابادی پاکستان وەک شوێنی بەڕێوەچوونی گەڕی داهاتوو دەمێنێتەوە.

تەسنیم ئاماژەی بەوە کردووە، کە تا ئەم ساتە هیچ بڕیارێک بۆ گۆڕینی شوێنی دانوستانەکان نەدراوە و داواکاریی وڵاتانی ئەوروپاش لەو بارەیەوە پەسند نەکراوە؛ بۆیە پاکستان وەک ناوەندی سەرەکیی دانوستانەکان دیاریی کراوە.

ئاژانسەکە باسی لە پرسی ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵات کردووە و رایگەیاندووە، سەرەڕای داواکاریی فەرمیی ئەمریکا بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی دوو هەفتەی دیکە، بەڵام تاران تا ئێستا رەزامەندیی لەسەر ئەو داوایە دەرنەبڕیوە.

بە پێی زانیارییەکانی تەسنیم، کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی وایە واشنتن پێویستە لە جیاتی داواکردنی درێژکردنەوەی کات، کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێن و پابەندییانە بکات کە لە چوارچێوەی ئاگربەستە کارپێکراوەکەی ئێستادا لەسەری رێککەوتوون.

هەروەها تاران جەختی کردووەتەوە، کە دەبێت ئەمریکا دەستبەرداری داواکارییە زیادە و بێبنەماکانی بێت لە پرۆسەی دانوستانەکاندا.