ئایا هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ لە رێگەی خواردنەوە کۆنترۆڵ دەکرێت؟

هۆرمۆنی کورتیزۆڵ راستەوخۆ پەیوەستە بە سترێس و دڵەڕاوکێوە، ئەمەش وای کردووە زۆر کەس بەدوای رێگەی سروشتیدا بگەڕێن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی، لەوانەش پەنابردن بۆ هەندێک جۆری خواردنەوە کە وابڕوادەکرێت یارمەتی حەسانەوەی جەستە دەدەن.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "Verywell Health"، هەندێک خواردنەوە وەک چای سەوز و ئەو خواردنەوانەی دەوڵەمەندن بە مەگنیسیۆم یان گیای دەرمانی، رەنگە رۆڵیان هەبێت لە کەمکردنەوەی ئاستی کورتیزۆڵ، بەڵام بەڵگە زانستییەکان لەمبارەیەوە هێشتا سنووردارن و یەکلاکەرەوە نین.

داتاکان روونی دەکەنەوە کە چای سەوز پێکهاتەی دژەئۆکسانی تێدایە و کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی کورتیزۆڵ دەبێت؛ توێژینەوەیەک دەریخستووە دوای بەکارهێنانی بەردەوام بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک، ئاستی ئەو هۆرمۆنە کەمی کردووە. هەروەها "جینسنگ" و "ئەشواگاندا" کاریگەرییان لەسەر کەمکردنەوەی سترێس هەیە، بەتایبەت کاتێک بە بڕی چڕ بەکار دەهێندرێن.

خشتەی بژاردەکان خواردنەوەکانی دەوڵەمەند بە مەگنیسیۆمیش دەگرێتەوە، کە یارمەتیدەرن لە رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی کورتیزۆڵ دوای ماندووبوون، لەگەڵ خواردنەوە ترشێنراوەکانی وەک "کەفیک" کە پێکهاتەی وایان تێدایە پشتگیری هاوسەنگی دەمارەکان دەکەن.

ئەنجامەکان بەتەواوی پشتڕاست نەکراونەتەوە

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە شەربەتی پرتەقاڵ بەهۆی دەوڵەمەندیی بە ڤیتامین C رەنگە کاردانەوەی جەستە بۆ سترێس باشتر بکات، بەڵام ئەو بڕەی لە توێژینەوەکاندا بەکارهاتووە زۆر زیاترە لە خواردنی رۆژانەی ئاسایی. هەروەها ئاوی گوێزی هیندیش، سەرەڕای سوودە تەندروستییەکانی، بەڵگەی پێویست لەبەردەست نییە کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کورتیزۆڵ هەبێت.

لە بەرانبەردا، هەندێک خواردنەوە ئاستی کورتیزۆڵ بەرز دەکەنەوە، وەک قاوە و خواردنەوە وزەبەخشەکان، ئەمەش بەهۆی بوونی کافاین کە رەنگە لە هەندێک حاڵەتدا ئاستی هۆرمۆنەکە بە رێژەی 50% زیاد بکات.

دەرەنجامە زانستییەکان جەخت دەکەنەوە کە پەیوەندی نێوان ئەم خواردنەوانە و دابەزینی کورتیزۆڵ تەنیا وەک "یارمەتیدەر" دەبینرێت و ناتوانرێت وەک چارەسەرێکی راستەوخۆ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، چونکە هۆکاری دیکەی وەک خەوی باش، چالاکی جەستەیی و سیستمی خۆراکی گشتی، رۆڵی سەرەکییان هەیە لە بەڕێوەبردنی سترێسدا.