سەرۆك بارزانی: كەركووك دەبێ ببێتە شارێك كە نموونەی پێكەوەژیان و برایەتیی پێكهاتەكان بێت

سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، كەركووك دەبێ ببێتە شارێك كە نموونەی پێكەوەژیان و برایەتیی پێكهاتەكان بێت. دەشڵێت: بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نین كە لە رێگەی درێژەپێدان بە سەفەقاتی گوماناویی هۆتێل رەشید یاری بە چارەنووسی كەركووكییەكان بكرێت.

رۆژی پێنجشەممە 16ـی نیسانی 2026 سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە ماكسیم رۆبین، كونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر كرد.

بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتیی رووسیا وێڕای جەختكردنەوە لە پەیوەندی قووڵ و ستراتیژ و درێژخایەنی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان، پێزانینی بۆ هەڵوێستی هاوسەنگی هەرێمی كوردستان و پاراستنی سەقامگیری هەبوو.

كونسوڵی گشتیی رووسیا رایگەیاند: وڵاتەکەی بایەخێكی زۆر بە پێگە و كاریگەریی سەرۆك بارزانی دەدات و هیوای خواست پەیوەندییەكانی نێوان ڕووسیا و هەرێمی كوردستان گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

هەروەها روانگەی وڵاتەكەی سەبارەت بە گۆڕانكاریی و رووداوەكانی ناوچەكە خستە روو و ئاماژەی بەوە دا، كە رووسیا خوازیارە بۆچوونی سەرۆك بارزانی لە بارەی ڕووداو و پێشهاتەكانی ناوچەكە بزانێت.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی جەختی لە قووڵكردنەوەی پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و رووسیا كردەوە. 

هەروەها ئاماژەی بە دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە دا و رایگەیاند: كە هەرێمی كوردستان هیچ كات لەگەڵ بوونی شەڕ و گرژیدا نەبووە و پێیوایە هیچ كێشەیەك لە رێگەی شەڕ و ململانێیی سەربازی چارەسەر نابێت و دەبێ گرفتەكان لە رێگەی دانوساندن و دیپلۆماسییەوە چارەسەر بكرێن.

سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی كوردستان هیچ كات بەشێك نەبووە و بەشێك نابێت لەو شەڕ و تێكهەڵچوونانەی لە ناوچەكەدا هەیە و پشتیوانی لە هیچ جموجۆڵی سەربازی و شەڕێك لە ناوچەكەدا نەكردووە.

هاوکات ئەوەشی خستە روو، "بە داخەوە سەرباری ئەو هەڵوێستە روون و ئاشكرایانەمان، زوڵمێكی زۆر لە هەرێم كراوە و بەهۆی پەلاماری بەرفراوانی مووشەكی و درۆنییەوە ژمارەیەك هاووڵاتیی هەرێم شەهید و بریندار بوونە".

سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لە بارەی پرسی پارێزگای کەرکووک، گوتی: ئێمە پێمانوایە كەركووك دەبێ ببێتە شارێك كە نموونەی پێكەوەژیان و برایەتیی پێكهاتەكان بێت و پارتی هەمیشە لەگەڵ مافی هەموو پێكهاتەكان بووە و زۆرجار لە پێناو پێكهاتەكان و خەڵكی دیکە لە مافی خۆی خۆش بووە و قوربانی بە دەستكەوتەكانی داوە.

ئەوەشی دووپات كردەوە، كە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نین لە رێگەی درێژەپێدان بە سەفەقاتی گوماناویی هۆتێل رەشید، یاری بە ئیرادەی دەنگدەرانی كەركووك و چارەنووسی كەركووكییەكان بكرێت.

لە رێکەوتی 10ـی ئاب 2024، پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە هۆتێل رەشیدی شاری بەغدا یەکلاکرایەوە.

ئەم هەنگاوە لە رێگەی هاوپەیمانییەتیی نێوان "فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان"، "بەشێک لە نوێنەرانی پێکهاتەی عەرەبی" و "نوێنەری بزووتنەوەی بابلیۆن" ئەنجامدرا، لە غیابی هەریەکە لە "پارتی دیموکراتی کوردستان"، "بەرەی تورکمانی" و هاوپەیمانی عەرەبی.