پزیشکیان: تاران هیچ بەرژەوەندییەکی لە تێکدانی ئارامی ناوچەکەدا نییە
سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەی هۆکار نییە بۆ ناسەقامگیری و داوای لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان کرد کە پابەندییە یاساییەکانی تاران بە هەند وەربگرن.
هەینی، 17ـی نیسانی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیامێکدا، ئاماژەی بەوە کرد، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ بۆ خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی یان تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە نادات.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەی پابەندی تەواوی چوارچێوە یاساییەکانە و هیوادارە لایەنەکانی دیکەش درک بەم راستییە بکەن.
سەرۆککۆماری ئێران دووپاتی کردەوە، کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە بەرگرییەکی شکۆمەندانە لە یەکپارچەیی خاکەکەی.
پزیشکیان رەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل گرت و ڕایگەیاند: کە ئەوان بەهۆی تیرۆرکردنی کەسایەتییە سیاسییەکان و کوشتنی منداڵان، لەسەر ئاستی جیهانی بوونەتە لایەنێکی قێزەون.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.