CBS: پێشبینی دەکرێت دووشەممە دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەست پێبکاتەوە

کەناڵی (CBS)، بڵاوی کردەوە، پێشبینی دەکرێت رۆژی دووشەممە، گەڕێکی دیکەی دانوستان لە نێوان ئەمریکا و ئێران، لە ئیسلام ئاباد بەڕێوە بچێت.

هەینی، 17ـی نیسانی 2026، کەناڵی (CBS)ـی ئەمریکی، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردەوە، پێشبینی دەکرێت دووشەممە 20ـی نیسان، گەڕێکی دیکەی دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان واشنتن و تاران، لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە بچێت.

لە لایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند: "هیچ خاڵێکی ناکۆک لە نێوان ئێمە و ئێران نەماوە و لە واژۆکردنی رێککەوتن زۆر نزیکین".

هاوکات گوتیشی: ئەگەری هەیە بە مەبەستی تەواوکردنی رێککەوتنەکە، سەردانی ئیسلام ئاباد بکەم، بەڵام تا ئێستا بڕیاری کۆتاییم لەو بارەیەوە نەداوە."

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.

هەروەها بەرەبەیانی چوارشەممە  8ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کۆتایی بە جەنگی 39 رۆژە لەگەڵ ئێران هێنا و بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاگربەستی راگەیاند.

رۆژی شەممە 11ـی نیسانی 2026، دانوستانی نێوان هەردوو شاندی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل، لە ئیسلام ئابادی پایەختی هیندستان بەڕێوە چوو.

بۆ رۆژی دواتر یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئیسلام ئاباد، ئەنجامی دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران راگەیاند و گوتی: شاندەکانی واشنتن و تاران بۆ ماوەی 21 کاتژمێر دانوستانیان کرد، بەڵام نەگەیشتینە رێککەوتنێکی وا کە جێگەی رەزامەندی هەردوولا بێت.