روبیۆ: یۆرانیۆمی پیتێنراو تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکانمانە لەگەڵ ئێران

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵاتە کە بە نێوەندگیریی پاکستان بەڕێوە دەچێت، ئاماژەی بەوەش کرد، تاران تا ئێستا رەزامەندی لەسەر بەستنی پەیماننامەی ئاشتی نیشان نەداوە.

چوارشەممە 3ـی ئایاری 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا پێداگیرە لەسەر ئەوەی ئێران پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستی 60% رادەست بکات، کە نزیکە لەو ئاستەی بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی پێویستە، هەروەها واشنتن داوا دەکات ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی سنووردار بکات و گەرووی هورمز بکاتەوە وەک مەرجێک بۆ هەر رێککەوتنێکی ئەگەری.

مارکۆ روبیۆ گوتیشی: "ئەم بابەتانە بە روونی لەو پەیامانەی ئاڵوگۆڕیان دەکەین باس کراون، بەڵام تا ئێستا رەزامەندی کۆتاییان لێ وەرنەگرتووە".

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە، جەنگ لە ئێران کۆتایی هاتووە و ئۆپەراسیۆنی توڕەیی داستانئاسا تەواو بووە، چونکە ئەمریکا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ئەو سەرکەوتنەشی بە تێکشکاندنی بنکە پیشەسازییە بەرگرییەکان، کەمکردنەوەی مووشەک و درۆنەکان و لەناوبردنی تەواوی هێزی ئاسمانی و دەریایی ئێران پێناسە کرد.

لە بەرانبەردا، ئێران مەرجی ئەوەی داناوە کە دەبێت 12 ملیار دۆلار لە سەرمایە بلۆککراوەکانی بۆ ئازاد بکرێت پێش ئەوەی بچێتە ناو گفتوگۆی جددی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، هەروەها تاران لێدوانەکانی پێشتری دۆناڵد ترەمپی رەتکردەوە کە باسی لە ئەگەری تێکشکاندنی پاشەکەوتە یۆرانیۆمەکەیان کردبوو.