سبەی چەند بەشێکی شەقامی 120 مەتری هەولێر دادەخرێت
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر هاووڵاتییان و شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە، کە بەهۆی دەستپێکردنی پڕۆسەی چاککردنەوەی شەقامی 120 مەتری، سبەی پێنجشەممە چەند ڕێگەیەک لەو شەقامە بە ڕووی هاتووچۆدا دادەخرێن.
بەگوێرەی ئاگادارییەکەی شارەوانیی هەولێر، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی حوزەیرانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، بڕیارە سبەی پێنجشەممە 4ی حوزەیرانی 2026 دەست بە نۆژەنکردنەوەی چەند بەشێکی شەقامی 120 مەتری بکرێت، بەو هۆیەشەوە بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی لۆد و قەرەباڵغی، هاتووچۆ لەم ڕێگایانەدا رادەگیرێت:
1- سایدی رێگای پیرمام، بەدیاریکراوی لە سووڕانەوەکە بەرەو شاری ئیتاڵی (2) لەسەر شەقامی 120 مەتری.
2- شەقامی 120 مەتری، لە نێوان بەرزەپردی بەحرکە بەرەو بەرزەپردی پیرمام (بەدیاریکراوی لە بەردەم گوندی ئارام تاکو بەرزەپردی پیرمام).
شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، کە مەبەست لەم بڕیارە ئەنجامدانی کارەکانە بە خێرایی و پاراستنی سەلامەتیی شۆفێران، داواش لە شۆفێران دەکات لەو ماوەیەدا ڕێگەی بەدیل بەکاربهێنن تاوەکو دووربن لە قەرەباڵغی و هاوکار بن لە سەرخستنی پڕۆسەی چاککردنەوەی شەقامەکان.