عێراق ساڵانە نیو ملیار دۆلار لە سەبەتەی خۆراکدا بۆ ناوی وەهمی بەهەدەر دەدات
دۆسیەی سەبەتەی خۆراک لە عێراق جارێکی دیکە دەبێتەوە جێی باسی ناوەندە سیاسی و ئابوورییەکان، دوای ئەوەی ئاشکرا بوو، بەهۆی بوونی زیاتر لە سێ ملیۆن ناوی نادروست و "وەهمی"، دەوڵەت زیانێکی دارایی گەورەی بەرکەوتووە.
ئەمیر مەعموری، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق ئاشکرای کردووە، دەوڵەت نزیکەی 900 ملیار دیناری زیان لێکەوتووە بەهۆی دابەشکردنی خۆراک بەسەر سێ ملیۆن کەسدا کە شایستە نین، لەوانە: کەسانی کۆچکردوو، گەشتیارانی دەرەوەی وڵات و ناوە دووبارەبووەکان.
ئەم ئامارانە هاوکاتن لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەکانی حکوومەت کە ئاماژە بە بوونی 4.4 ملیۆن "ناوی وەهمی" لە بنکەدراوەی کارتی خۆراکدا دەکەن، ساڵانە دەبێتە هۆی بەهەدەردانی 500 ملیۆن دۆلار (نزیکەی 655ملیار دینار).
مەعموری ئاماژە بەوە دەکات، گرێبەستی ئێستای سەبەتەی خۆراک پێنج ساڵە بەردەوامە و تێبینی زۆری لەسەرە. تێچووی هەر سەبەتەیەک بە 9 دۆلار یان کەمتر هەژمار دەکرێت، لەکاتێکدا پێشنیازی دیکە هەبوون بۆ دابینکردنی هەمان سەبەتەی خۆراک بە نرخێکی زۆر هەرزانتر. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ساڵی رابردوو دوو بەشەخۆراکی هاووڵاتیان دابەش نەکراوە و لای وەزارەت ماوەتەوە.
کەریم حەلو، شارەزای ئابووریی، لەمبارەیەوە دەڵێت: "عێراق 46 ملیۆن کەسی تێدایە و بەشێکی زۆری لەژێر هێڵی هەژاریدان، پێویستی بە پاراستنی کۆمەڵایەتی راستەقینە هەیە، نەک بەهەدەردانی پارە بۆ 4 ملیۆن ناوی وەهمی."
رەخنەکان تەنیا دارایی نین، بەڵکو کوالیتی خۆراکەکانیش لەژێر پرسیارداین. شارەزایان دەڵێن زۆرجار برنج و پاقلەمەنییەکان شیاوی خواردن نین و هاووڵاتیان ناچارن بیفرۆشنەوە. هەروەها باس لەوە دەکرێت، سەرەڕای ئەوەی هەندێک ماددەی وەک رۆن و شەکر لە کارگەکانی ناوخۆی عێراق بەرهەم دەهێنرێن، بەڵام بەهۆی بوونی "نێوەندگیر و بازرگان" لە نێوان وەزارەت و کارگەکان، نرخەکان بە بەرزی دەمێننەوە.
ئەم دۆسیەیە گەیشتووەتە ناو پەرلەمان و دەستەی دەسپاکی. هادی سەلامی، ئەندامی لێژنەی دەسپاکی پێشتر رایگەیاندبوو؛ گەندەڵی لە گرێبەستەکانی سەبەتەی خۆراکدا مانگانە دەگاتە 151ملیۆن دۆلار. هەروەها پەرلەمانتار سعوود ساعدی ئاماژەی بەوە کردبوو کە جیاوازی نێوان نرخی راستەقینە (6دۆلار و نرخی گرێبەستەکە 9 دۆلار) مانگانە 500 ملیار دینار زیان بە دەوڵەت دەگەیەنێت.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی بازرگانی بەرگریی لە رێکارەکانی دەکات. محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەت رایگەیاند، دواکەوتنی هەندێک ماددە بەهۆی بارودۆخی نائاسایی و گۆڕانکارییە ئابوورییە جیهانییەکانە. ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەت کار لەسەر "بە ئەلیکترۆنیکردنی" سیستەمەکە دەکات و تا ئێستا داتای 38 ملیۆن هاووڵاتییان نوێ کردووەتەوە بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی و رۆتین.
سەرباری ئەم هەوڵانە، شارەزایان پێیان وایە تەنیا سیستەمی ئەلیکترۆنی بەس نییە و دەبێت چاودێرییەکی وردتر لەسەر نرخ و کوالیتی و شایستەبوونی وەرگرانی سەبەتەی خۆراک هەبێت بۆ ئەوەی چیتر سامانی گشتی بەفیڕۆ نەڕوات.