شاندی کوردستان: ئامادەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەی نەوت
زەیدی بەڵێنی چارەکردنی کێشەی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەردوولا بەبێ هیچ ناکۆکییەک لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆریی نەوتی جەیهانەوە رێککەوتوون.
چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی، زانیاریی نوێی بۆ کوردستان24 ئاشکرا کرد و رایگەیاند: کە کۆبوونەوەکەی بەغدا لە کەشێکی زۆر ئەرێنی و لێکتێگەیشتندا بەڕێوە چووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵێنی بە شاندی هەرێم و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان داوە سەرجەم کێشە و گرفتەکانیان چارە بکات، ئەمەش بە ئامانجی رەخساندنی کەشێکی ئارام تاوەکوو بتوانرێت ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆریی نەوتی جەیهانییەوە بگەیەنرێتە بەرزترین ئاست.
هەروەها سەرچاوەکە دووپاتی کردەوە: "لە کۆبوونەوەکەدا شاندی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هیچ خاڵێک ناکۆکییان نەبووە، بەڵکو هەردوولا بە تەواوی هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی لە زووترین کاتدا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە."
لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا هاتووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازیی راسپاردووە تا لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و چارەکردنی یەکجاریی ئەو گرفتە ئەمنییانەی کە بوونەتە ئاستەنگ لە بەردەم کۆمپانیا بیانییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت.
لە بەرامبەریشدا، وەک سەرچاوەکە روونی کردەوە، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنیان بە سەرۆکوەزیرانی عێراق داوە و تەواوی ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە، بۆ کارئاسانی و بەرزکردنەوەی قەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆریی نەوتی جەیهانەوە.
ئەمڕۆ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازیی لە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان کرد و کۆبوونەوە.
شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەری نوێنەرانی ژمارەیەک لە کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت بوو، کۆبوونەوەکەش بە ئامادەبوونی هەر یەک لە وەزیری دەرەوە، وەزیری نەوت و سوپاسالاری عێراق بەڕێوە چوو.