کورەک تیلیکۆم وەڵامی دەستەی راگەیاندنی عێراق دەداتەوە

کۆمپانیای کورەک تیلیکۆم وەڵامی بڕیارەکەی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، دەستەکە بە ئەنقەست کۆسپ دەخاتە بەردەم کارەکانیان و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی "پێکهاتن" (التسوية) نایاسایی و زۆردارانەیە.

ڕۆژی چوارشەممە 3ی حوزەیرانی 2026، کۆمپانیای کورەک تیلیکۆم لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کرد، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق (CMC) "بێلایەنی" خۆی لەدەستداوە و لە ساڵی 2007ـەوە بەردەوامە لە ستەمکردن لە کۆمپانیاکە و بێبەشکردنی لە مافە بنەڕەتییەکانی.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کورەک لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و لێژنەی گەیاندنی پەرلەمانی عێراق، رازی بووە بە واژووکردنی گرێبەستی "پێکهاتن" و دواخستنی داواکارییە یاساییەکانی، بەڵام دەستەکە بە رەتکردنەوەی بەڵگەنامەی "ئەستۆپاکی باج" کە لە هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە، کۆسپی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دروست کردووە.

کورەک تیلیکۆم دەڵێت "لە رێککەوتی 2ی حوزەیرانی 2026، دەستەکە بڕیارێکی زۆردارانەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی پێکهاتن دەرکردووە، ئەمەش وەک ڕێخۆشکردنێک بۆ دوورخستنەوەی کۆمپانیاکە لە بازاڕ." کۆمپانیاکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم ڕەفتارە نابرپرسیارانەیە زیان بە گەنجینەی گشتیی دەوڵەت و ملیۆنان بەشداربووی کەرتی گەیاندن دەگەیەنێت.

سەبارەت بەو تۆمەتەی کە دەڵێت کورەک لە جێبەجێکردنی گرێبەستەکە "جددی" نییە، کۆمپانیاکە رایگەیاندووە کە ئەمە دوورە لە ڕاستی و پەیوەندییان لەگەڵ دەستەکە نەپچڕاوە. ئاشکراشی کردووە کە لە 31ی ئایاری 2026، شاندێکی باڵای کورەک سەردانی دەستەکەیان کردووە، بەڵام سەرۆکی دەزگای جێبەجێکردن "خۆی لە چاوپێکەوتنەکە دزیوەتەوە" سەرەڕای ئەوەی پێشوەختە کاتی بۆ دیاریکراوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، کورەک تیلیکۆم دڵنیایی دەداتە بەشداربووانی کە لەپێناو پاراستنی مافەکانیان، پەنا بۆ دادگاکان و هەموو ڕێوشوێنە یاسایی و دەستوورییەکان دەبات و رێگری دەکات لە هەر هەوڵێک کە زیان بە مافی بەشداربووان و کۆمپانیاکە بگەیەنێت.