وەزیری دەرەوەی بەریتانیا داوای دەستپێکردنەوەی جووڵەی بازرگانی لە گەرووی هورمز دەکات
ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، هانی دەستپێکردنەوەی تەواوەتی جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز دا و رایگەیاند؛ سەرەڕای کاراکردنی ئاگربەست، ئەم رێڕەوە ئاوییە گرنگە هێشتا نەگەڕاوەتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی.
کووپەر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، لە پەراوێزی کۆڕبەندێکی دیپلۆماسی لە ئەنتالیا، ئاماژەی بەوە کرد، جیهان لە "ساتێکی دیپلۆماسی یەکلاکەرەوەدا" دەژی، بەڵام جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووەکەدا هێشتا لە خوار ئاستی ئاسایی خۆیەوەیە.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا داوای لە تاران کرد، رێگە بە گەڕانەوەی رەوتی ئاسایی بازرگانی دەریایی بدات، جەختیشی کردەوە، دەستپێکردنەوەی تەواوەتی کەشتیوانی رەگەزێکی سەرەکییە بۆ پشتگیریکردنی سەقامگیری ئابووری جیهان.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، کووپەر جەختی لە پێویستی گۆڕینی ئاگربەست بۆ ئاشتییەکی بەردەوام کردەوە و رایگەیاند، پاراستنی ئاسایشی ئەم رێڕەوە ستراتیژییە، لە قۆناخی داهاتوودا لە کارە لەپێشینە نێودەوڵەتییەکان دەبێت.