سی بی ئێس نیووز: تاوەکو ئێستا رێککەوتن لەسەر یۆرانیۆمی ئێران نەکراوە
کەناڵی سی بی ئێس نیووز لەسەر زاری چەند بەرپرسێکیی ئەمریکی بڵاویکردەوە، هێشتا هیچ رێککەوتنێک لەسەر ئەوەی کە ئێران چالاکییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم تا کەی رادەگرێت، نییە، چونکە لایەنەکان بەردەوامن لە دانوستان.
ئەمڕۆ شەممە، 18ـی نیسانی 2026، ئەو بەرپرسە ئەمریکییانە بە کەناڵەکەیان راگەیاندووە، "دانوستانکاران تاوتوێی چەند بژاردەیەک دەکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، بەبێ ئەوەی هێشتا بگەنە چارەسەری کۆتایی."
ئاماژەیان بەوەش کردووە، تاوەکوو ئێستا بەرنامەی مووشەکی ئێران و پاڵپشتی تاران لە هاوپەیمانە ناوچەییەکانی لە کارنامەی دانوستانەکاندا نییە.
هەر ئەمڕۆ گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیای ئێران، داخستنەوەی گەرووی هورمز و گەڕانەوەی بۆ دۆخی پێشووی خۆی راگەیاند، ئەمەش بەردەوامیی کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانی ئێرانی بەسەر رێڕەوی ئاوی ئێراندا پشتڕاستکردەوە.
دوێنێ هەینی، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گەرووی هورمز بەڕووی هەموو کەشتییە بازرگانییەکان تا کۆتایی ماوەی ئاگربەست کراوە دەبێت.
لە 8ـی نیساندا واشنتن و تاران ئاگربەستی دوو هەفتەییان بە نێوەندگیری پاکستان راگەیاند، ئەمەش وەک پێشەکییەک بۆ دانوستانی فراوانتر بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتدا دژی ئێران دەستیان پێکرد.