وەزارەتی تەندروستی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری وەرنەگرتنی غەزال مەولان لە نەخۆشخانەکان دەکات
وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی کچە پێشمەرگەیەک دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە سەرجەم دامەزراوە تەندروستییەکان دوور لە گوشاری سیاسی ژیانی نەخۆش بپارێزن.
ئەمڕۆ شەممە، 18ـی نیسانی 2026، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دوابەدوای رەوانەکردنی غەزال مەولان لە نەخۆشخانەی شۆڕشی تایبەت بە پێشمەرگە بۆ نەخۆشخانەی بەخشینی کەرتی تایبەت، هیچ رێکارێکی پزیشکی بۆ نەکراوە.
روونیشی کردەوە، نەخۆشخانە تایبەتەکە ئامادە نەبووە بریندارەکە وەربگرێت و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.
باس لەوەش کراوە، وەزارەتی تەندروستی راستەوخۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی و داواکاری گشتی لەسەر هێڵ بووە. هەروەها پاڵپشت بە یاسای مافی نەخۆشی ژمارە چوار لە ساڵی 2020 و پەیڕەوی لێکۆڵینەوەی ژمارە 16ـی ساڵی 2022، لیژنەیەک راسپێردراوە بۆ ئاشکراکردن و دڵنیابوونەوە لە تەواوی راستییەکانی ئەم رووداوە و وەرگرتنی رێکاری یاسایی و بەسزاگەیاندنی سەرپێچیکاران.
وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی خستە روو، ئەو جۆرە رەفتارانە جێگەی قبووڵکردن نین و رێکاری پێویست دەگرنەبەر. جەختی لەوەش کردەوە، هەمیشە پێویستە دامەزراوە تەندروستییەکان بە ئەرکی مرۆڤانەی خۆیان بۆ پاراستنی گیانی هەر کەسێک هەستن و نابێت بکەونە ژێر هیچ گوشار و نیازێکی سیاسییەوە.
غەزال مەولان، کچە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بوو. چەند رۆژێک پێش ئێستا، بەهۆی هێرشێکی درۆنیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ سەر کەمپی سوورداش لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە سەختی بریندار بوو.
دوای هێرشەکە، بریندارەکە گەیەندرایە نەخۆشخانەی شۆڕش و لەوێ چارەسەری سەرەتایی بۆ کرا، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئامێری پێویست و جێگە لە بەشی چاودێریی چڕ، داوا کرا ببرێتە نەخۆشخانەیەکی دیکە.
کەسوکارەکەی رایانگەیاندووە، چەند نەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەت ئامادە نەبوون وەری بگرن، ئەمەش وای کرد بەهۆی زۆریی مانەوەی بە برینداری، گیان لەدەست بدات.