سێنتکۆم: گەرووی هورمز داخرایەوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بەهۆی ئۆپراسیۆنەکانی گەمارۆدانی دەریاییەوە، سەرجەم چالاکییە بازرگانییەکانی ئێران لە رێگەی دەریاوە بەتەواوی راوەستاون.
لە بەیاننامەیەکدا بڵاوکراوەتەوە، سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە: "تێکشکێنەری مووشەکی (USS Pinckney DDG 91) لە ئاوە هەرێمییەکاندا سەرقاڵی دەوریەدانە بۆ پشتگیریکردن لە ئۆپراسیۆنەکانی گەمارۆدان." فەرماندەیی ناوەندیی جەختیشی کردۆتەوە ئەم گەمارۆیە بووەتە هۆی پەکخستنی تەواوەتی ئاڵوگۆڕە ئابووریی و بازرگانییەکانی ئێران لە ڕێگەی دەریاوە.
ئەم پەرەسەندنە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ گوتەبێژی سەربازیی بارەگای "خاتەم ئەلئەنبیا"ی ئێران رایگەیاند، گەرووی هورمز جارێکی دیکە داخرایەوە، هاوشێوەی ئەو دۆخەی لە کاتی ململانێ سەربازییەکانی 40 رۆژی رابردووی ناوچەکەدا هەبوو.
گوتەبێژە ئێرانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، گەرووی هورمز لەژێر بەڕێوەبردن و چاودێری توندی هێزە چەکدارەکانی ئێراندایە. هەروەها جەختی کردەوە، بەردەوامبوونی داخستنی گەرووەکە بەستراوەتەوە بە هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؛ ئەگەر واشنتن پابەند نەبێت بە گەرەنتیکردنی ئازادی هاتوچۆی کەشتییەکانی ئێران، ئەوا دۆخەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.