فۆکس نیوز: سوپاسالاری پاکستان نێوەندگیری لەنێوان واشنتن و تاران دەکات
تۆڕی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان، رۆڵی نێوەندگیر بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەگێڕێت و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران هەیە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، مونیر یەکێکە لەو بەرپرسە بیانییانەی کە جێگەی متمانەی دۆناڵد ترەمپ و ئێرانیشە، جەنەراڵێکی خانەنشینی پاکستانی ئاشکرای کردووە، مونیر وەک "کەناڵێکی پشتەوەی نافەرمی" لە نێوان تاران و واشنتن کار دەکات، بەتایبەت لە هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ دانوستان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی لە کەنداوی عەرەبی.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، مونیر لە ساڵانی 2016 و 2017ەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی ئێران (وەک قاسم سولەیمانی و حوسێن سەلامی) دروست کردووە. لە لایەکی دیکەوە، پەیوەندییەکی راستەوخۆ و نزیکی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هەیە؛ ترەمپ چەندین جار ستایشی کردووە و بە "پیاوێکی ناوازە و فەرماندەی مەیدانی دڵخوازی خۆی" وەسفی کردووە.
ئەم متمانە دوولایەنەیە دوای ئەوە هات مونیر لە ئایاری 2025دا رۆڵی سەرەکی گێڕا لە هێورکردنەوەی قەیرانی نێوان هیندستان و پاکستان، دواتر بووە هۆی ئەوەی پاکستان بە فەرمی ترەمپ بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کاندید بکات. چاودێران پێیان وایە کەسایەتی "بەهێز و بڕیاردەری" مونیر وایکردووە ببێتە کەسایەتییەکی جێگەی بایەخی ترەمپ بۆ بەدیهێنانی ئەنجامە سیاسییەکان.