عەلی ئەکبەر: ئاسایشی گەرووەکانی ناوچەکەمان دابین کردووە و وەڵامی هەر ئاژاوەیەک دەدەینەوە
راوێژکاری رێبەری ئێران هۆشداری دەدات لەوەی "هەر جووڵەیەکی دوژمنان وڵامێکی گشتگیر و زنجیرەیی" بە دوای خۆیدا دێنێت.
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێران لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند، سەردەمی سەپاندنی ئاسایش لە ئەوپەڕی زەریاکانەوە کۆتایی هاتووە و لە ژێر سێبەری هاوبەشە ستراتیژییەکانیان و هێزە چەکدارەکانیان، ئاسایشی گەرووی هورمز و "مالاکا" دابین کراوە، هاوکات ئاسایشی گەرووی "بابولمەندەب"یش لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئەنساروڵڵای یەمەندایە.
راوێژکاری ڕێبەری ئێران هۆشداریی دا لە ئەنجامدانی هەر جۆرە "ئاژاوەگێڕییەک" و رایگەیاند، هەر جووڵەیەک وەڵامێکی زنجیرەیی و بەربڵاوی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ویلایەتی رەخنەی لەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەی بەریتانیا و فەڕەنسا گرت کە بۆ پاراستنی کەشتیوانی و پشتیوانی سەربازی لە ناوچەکە وەڕێیان خستووە و گوتی: "ئەگەر ئێوە نیگەرانی ئاسایشی کەشتیوانین، باشتر وایە بیرێک لە گەرووی مانش و کۆتاییهێنان بە زامە کۆنەکەی جەبەل تاریق بکەنەوە.
"گەرووی مانش" دەکەوێتە با کووری فەڕەنسا و باشووری بەریتانیا، یەکێک لە قەرەباڵغترین رێڕەوە ئاوییە جیهانییەکانە بۆ کەشتیوانی بازرگانی کە دەریای باکوور بە زەریای ئەتڵەس دەبەستێتەوە.
هەروەها گەرووی "جەبەل تاریق'' کە ویلایەتی باسی لێ دەکات،دەریای ناوەڕاست بە زەریای ئەتڵەس دەبەستێتەوە، رێڕەوێکی بازرگانی گرینگە کە ساڵی 1713 کەوتە ژێر دەسەڵاتی بریتانیا و ئێستا ئیسپانیا داوای دەکاتەوە و بە خاکی خۆی دەزانێت.