بۆ یەکەمجار؛ ئامێری قەستەرەی دڵ بۆ نەخۆشخانەی مێرگەسۆر دابین دەکرێت
لە هەنگاوێکی گرنگدا بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر ناوەندە تەندروستییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوژمەی 2.5 ملیار دیناری بۆ کڕینی ئامێرێکی پێشکەوتووی قەستەرەی دڵ بۆ نەخۆشخانەی مێرگەسۆر تەرخان کرد، کە بڕیارە جگە لە دانیشتووانی ناوچەکە، خزمەت بە هاووڵاتییانی ئاکرێ و شێلادزێش بگەیەنێت.
یەکشەممە، 19ـی نیسانی 2026، کامەران محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند: "لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ یەکەمجار رەزامەندی لەسەر دابینکردنی ئامێرێکی تایبەت بە قەستەرەی دڵ بۆ نەخۆشخانەی مێرگەسۆر درا."
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سۆران ئاماژەی بە گرنگیی ئەم هەنگاوە دا و گوتی: "پێشتر لە تەواوی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تەنیا یەک ئامێری قەستەرەی دڵ هەبوو، بەڵام بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ژمارەی ئامێرەکان دەبێتە دوو دانە."
هاوکات جەختیشی کردەوە کە دابینکردنی ئەم ئامێرە پێویستییەکی هەنووکەیی بوو، چونکە نەخۆشانی سنووری مێرگەسۆر پێویستیان بە نزیکەی دوو کاتژمێر گەشتکردن هەبوو تا دەگەیشتنە نەخۆشخانەی سۆران، ئەمەش مەترسی بۆ سەر ژیانی نەخۆشەکان دروست دەکرد.
کامەران محەمەد روونی کردەوە، کە ئەم خزمەتگوزارییە نوێیە تەنیا بۆ دانیشتووانی مێرگەسۆر نابێت، بەڵکو دانیشتووانی ئاکرێ، شێلادزێ و ناوچەکانی دەوروبەریشیان دەتوانن بۆ چارەسەر سوود لەم ئامێرە وەربگرن.
بە گوێرەی ئەو نووسراوەی بڵاو بووەتەوە، کە کۆپییەکی بۆ کوردستان24 نێردراوە، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان واژوی لەسەر کردووە و رەزامەندی داوە لەسەر کڕینی ئامێرێکی تایبەت بە گوژمەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ قەستەرەی دڵ.