فاینانشال تایمز: ئاسەوارەکانی جەنگ لەسەر هەڵاوسانی ئابووریی ئەمریکا بەشەو رۆژێک کۆتایی نایەت
رۆژنامەی "فاینانشال تایمز" لە راپۆرتێکی نوێدا بڵاویکردەوە، جەنگ لەگەڵ ئێران شەپۆلێکی نوێی هەڵاوسانی لە ئەمریکا دروست کردووە، تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی ململانێ سەربازییەکانیش، ئاسەوارەکانی بەردەوام دەبن.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئابووریناسان لەو بڕوایەدان کاریگەرییەکانی ئەم هەڵاوسانە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەمێنێتەوە، ئەمەش فشارێکی زۆر دەخاتە سەر بژێوی ژیانی ئەمریکییەکان، بەتایبەتی لە کاتێکدا، وڵاتەکە بەرەو هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی کۆنگرێس هەنگاو دەنێت.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، شۆکی نرخەکان لە کۆتایی مانگی شوبات و هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگەوە سەری هەڵداوە و تا ئێستاش دانەمرکاوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی نێودەوڵەتی دراو (IMF) لەبارەی دۆخەکەوە دەڵێت: "ئێمە لەسەر رێڕەوێکی باش بووین بۆ کەمکردنەوەی هەڵاوسان، بەڵام ئێستا پاشەکشەمان کردووە و چاوەڕوانییەکان بۆ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە ئەمریکا زیادیان کردووە. تەنانەت ئەگەر جەنگ سبەینێش کۆتایی بێت، ئاسەوارە جیهانییەکانی بە شەو و رۆژێک لەناو ناچن."
فاینانشال تایمز لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، قەیرانی گەرووی هورمز بووەتە هۆی دروستبوونی کەمیی سووتەمەنی لەسەر ئاستی جیهان و بەرزبوونەوەی بێپێشینەی نرخی نەوت، ئەمەش وەک فاکتەرێکی سەرەکیی تێکچوونی باری ئابووری ئەژمار دەکرێت.