ترەمپ ئامادەیە راستەوخۆ لەگەڵ سەرکردەکانی ئێران کۆببێتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە فەرمی بەڕێ کەوتنی شاندی باڵای وڵاتەکەی بۆ پاکستان راگەیاند و ئامادەیی خۆشی پیشاندا بۆ کۆبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ سەرکردەکانی تاران. ترەمپ کە بەڵێنی داوە رێگری لە ئەتۆمیبوونی ئێران بکات، وڵاتەکە دەخاتە نێوان دوو بژاردە: یان "داهاتوویەکی مەزن وەک وڵاتێکی ناوازە"؛ باسی لەوەش کرد، ئیسرائیل منی بۆ جەنگی ئێران هان نەداوە
دووشەممە 20ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکی نوێدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس " ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە گوایە ئیسرائیل پاڵنەری ئەو بووبێت بۆ دەستپێکردنی جەنگ دژی تاران و گوتی: "ئیسرائیل هەرگیز منی پەلکێشی جەنگ لەگەڵ ئێران نەکردووە. ئەوە دەرەنجامەکانی هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەر بوون کە بۆچوونی هەمیشەیی منی چەسپاند، کە ئەویش ئەوەیە: ئێران نابێت هەرگیز ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی ئەو گۆڕانکارییە لە ناوخۆی ئێراندا و نووسیویەتی: "ئەگەر سەرکردە نوێیەکانی ئێران (گۆڕینی دەسەڵات!) ژیر بن، ئەوا ئێران داهاتوویەکی مەزن و پڕ لە خۆشگوزەرانی دەبێت." دۆخی ئێرانی بە ڤەنزوێلا چواند و گوتی کە دەرەنجامەکان لە ئێران "سەرسوڕهێنەر" دەبن.
ترەمپ جارێکی دیکە هێرشی توندی کردە سەر میدیاکانی ئەمریکا و بە "هەواڵی ساختە" وەسفی کردن. باسی لەوە کرد، "90%ـی ئەوەی دەیڵێن درۆ و چیرۆکی هەڵبەستراوە. راپرسییەکانیش ساختەکراون، رێک وەک چۆن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2020 ساختەکرا."
هەروەها سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" پشتڕاستی کردەوە کە شاندی باڵای وڵاتەکەی بەرەو پاکستان بەڕێکەوتوون. ترەمپ گوتیشی ئامادەیە راستەوخۆ لەگەڵ سەرکردەکانی ئێران کۆببێتەوە ئەگەر پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا بەدی بێت و گوتی: "من هیچ کێشەیەکم نییە لەوەی چاوم پێیان بکەوێت."
ترەمپ رایگەیاند کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت، و جەرید کوشنەر، راوێژکاری باڵا خاکی ئەمریکایان بەرەو ئیسلامئاباد جێهێشتووە و گوتیشی: "ئەوان ئێستا لە رێگەن و ئەمشەو بە کاتی پاکستان دەگەنە ئەوێ." ئەمەش ئاماژەیە بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان تەنیا چەند رۆژێک پێش کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەستەکە.
ترەمپ ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە گوایە ئێران بەشداری لەم خولەی دانوستانەکاندا ناکات و رایگەیاند: "بڕیارە گفتوگۆکان ئەنجام بدرێن، بۆیە لەم ساتەدا وا دادەنێم کە هیچ کەسێک خەریکی یاری کردن و پلانگێڕی و کات کوشتن نییە."
ئەو رۆژنامەنە باسی لەوەش کردووە، ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە ئیسلامئاباد گەیشتوونەتە لووتکە. نێوەندگیریی پاکستان و فشارە سەربازی و ئابوورییەکانی ئەمریکا، تارانیان بەرەو مێزی گفتوگۆ بردووە. شارەزایان پێیان وایە کۆبوونەوەی راستەوخۆی نێوان ترەمپ و سەرکردەکانی ئێران دەبێتە گەورەترین رووداوی سیاسیی ساڵ و کۆتایی بە قەیرانێکی وێرانکەری ناوچەکە دەهێنێت.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە تەنیا یەک داواکاریی نەگۆڕی هەیە و گوتی: "دەبێت دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی بن، بابەتەکە زۆر سادەیە، نابێت هیچ چەکێکی ئەتۆمی لە ئارادا بێت." ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر ئێران ئەم مەرجە جێبەجێ بکات، دەبێتە "وڵاتێکی ناوازە"، بەڵام بێدەنگیی هەڵبژارد لەبارەی ئەوەی چی روودەدات ئەگەر تاران مەرجەکان رەت بکاتەوە، تەنیا گوتی: "دەتوانن وێنای بکەن، دیمەنەکە جوان نابێت."