حکوومەتی هۆڵەندا 1.1 ملیار دۆلار بۆ کۆنترۆڵی نرخی ستوومەنی تەرخان دەکات
قەیرانی وزە و سووتەمەنی تەنگی بە ئەوروپا هەڵچنیوە و ئەمڕۆ حکوومەتی هۆڵەندا بە ناچاری بە زیادکردنی باج لەسەر بەشێک لە کالاکان، بە تایبەت خواردنەوە کحوولییەکان، پلانی نائاسایی کۆنترۆڵی بەرزی نرخی ستوومەنی کارا کرد و رایگەیاند، زیاتر لە 950 ملیۆن یۆرۆ، بۆ قەرەبووی کۆمپانیا و هاووڵاتیانی تەرخان دەکات.
حکوومەتی هۆڵەندا ئەمڕۆ دووشەممە 20ی نیسانی 2026 رایگەیاند، هەرچەندە تاوەکوو ئێستا رووبەڕووی کورتهێنانێکی توندی سووتەمەنی نەبوونەتەوە، بەڵام ئەمڕۆکە قۆناخی یەکەمی پلانی نائاسایی بۆ کۆنترۆڵکردنی بەرزی نرخی ستوومەنیان کارا کردووە.
راشیگەیاند "پێشبینی دەکرێت ئەم دۆخە، کە بەهۆی جەنگی 40 رۆژەی دژ بە ئێران و داخرانی گەرووی هورمز دروست بووە، نرخی وزە هەر بە بەرزی بمێننەوە، تەنانەت ئەگەر بەم زووانە ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتاییان بێت."
ئاماژەشیداوە " بودجەیەکی بە گوژمەی زیاتر لە 950 ملیۆن یۆرۆی کە دەکاتە 1.1 ملیار دۆلاری ئەمریکی، بۆ قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیاکان و هاووڵاتییان تەرخان دەکات".
راشیگەیاندووە، لە یەکەمین پاکێجی رێکارەکانی حکوومەتی هۆڵەندا 627 ملیۆن یۆرۆ تەرخان دەکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی گرانیی سووتەمەنی؛ هەروەها 340 ملیۆن یۆرۆ لە رێگەی کەمکردنەوەی بەشێک لە باجی سەر کۆمپانیاکان دابین دەکرێت؛ بەڵام بۆ دابینکردنی بەشیک لەم پارەی بۆ قەرەبوو تەرخان دەکرێت، باجی سەر هەندێک شتومەک زیاد دەکرێت، بە تایبەتی خواردنەوە کحوولییەکان.
لە 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە، بەهۆی هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سوپای پاسدارانی گەرووی هورمزی داخست و رێگری لە تێپەڕبوونی کەشتییەکانی نەوتهەڵگر کرد، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز. لە ئاستی جیهاندا.
هاوکات حکوومەتی هۆڵەندا لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت و کەرتی پیشەسازی خستووەتە ئامادەباشییەوە بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری خراپتربوونی دۆخەکە و زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی.
هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی فڕۆکەخانەکانی ئەوروپا هۆشداریدا، لەوەی ئەگەر لە سێ هەفتەی داهاتوودا گەرووی هورمز بە تەواوی نەکرێتەوە و رێگەی بە تێپەڕبوونی کەشتییەکانی بازرگانی نەوت نەدرێت، فڕۆکەخانەکانی ئەوروپا رووبەڕووی قەیرانی سووتەمەنی دەبنەوە و ئەگەر هەیە گەشتە ئاسمانییەکان بە تەواوی پەکیان بکەوێت.