بەڕێوەبەری FBI سکاڵایەکی 250 ملیۆن دۆلاری لە دژی گۆڤارێکی ئەمریکی تۆمار کرد
کاش پاتێل، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI)، سکاڵایەکی یاسایی بە بڕی 250 ملیۆن دۆلار لە دژی گۆڤاری "ئەتڵانتیک" تۆمار کرد، ئەمەش دوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک کە تێیدا تۆمەتباری کردبوو بەوەی لە کارەکەیدا سەرکەوتوو نییە و بەردەوام سەرقاڵی خواردنەوەی کحولە.
کاش پاتێل ئەو گوتارەی گۆڤارەکەی بە "هێرشێکی پڕ لە کینە" و نادروست وەسف کرد. لە بەرانبەردا، گۆڤاری "ئەتڵانتیک" رایگەیاند کە ئەوان پابەندن بەو زانیارییانەی بڵاویان کردووەتەوە و لە دادگا بە توندی بەرگری لە راپۆرتەکەیان دەکەن و سکاڵاکەشیان بە "بێ بنەما" ناوبرد.
لە گوتارەکەدا کە رۆژی هەینی بڵاوکراوەتەوە، سارا فیتزپاتریک، نووسەری بابەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە پاتێل نیگەرانییەکی زۆری هەبووە لەبارەی لەدەستدانی پۆستەکەی، ئەوەش بەهۆی ئەو زانیارییانەی شایەتحاڵەکان لەبارەی "خواردنەوەی بێشوماری کحول" لەلایەن ناوبراوەوە داویانەتە گۆڤارەکە.
سەرباری ئەم تۆمەتانە، کۆشکی سپی بە گۆڤارەکەی راگەیاندووە کە پاتێل وەک یەکێک لە کاراکتەرە سەرەکییەکانی تیمی "یاسا و سیستم"ی دۆناڵد ترەمپ دەمێنێتەوە و رۆڵی هەبووە لە کەمکردنەوەی رێژەی تاوان. هەروەها تیمی ترەمپ دەستخۆشییان لە پاتێل کردووە بۆ ئامادەیی و بوێرییەکەی لە رووبەڕووبوونەوەی نەیارانی سەرۆکدا.
لەو سکاڵایەی کە لە دادگای واشنتن تۆمار کراوە، پاتێل تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە و رەخنەی لە گۆڤارەکە گرتووە کە پشتی بە سەرچاوەی نەناسراو بەستووە. نووسەری گوتارەکەش دەڵێت چاوپێکەوتنی لەگەڵ زیاتر لە 24 کەسدا کردووە، بەڵام بۆ پاراستنی ژیانیان و هەستیاریی زانیارییەکان، ناوەکانیانی ئاشکرا نەکردووە.
گۆڤاری ئەتڵانتیک وردەکاریی زیاتری بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت پاتێل لە چەندین یانەی تایبەت لە واشنتن و لاس ڤێگاس بینراوە کە بەسەختی سەرخۆش بووە، بەو هۆیەوە زۆرجار کۆبوونەوە فەرمییەکانی بۆ کاتێکی درەنگتری رۆژ دواخراون. تەنانەت باس لەوە کراوە کە تیمی پاسەوانەکانی چەندین جار کێشەیان هەبووە لە بەخەبەرهێنانەوەی و جارێکیان داوای ئامێری تایبەتیان کردووە بۆ شکاندنی دەرگای ژوورەکەی چونکە وەڵامی نەبووە.
ئەم هەنگاوەی کاش پاتێل وەک درێژەپێدەری ئەو ستراتیژییەتە دەبینرێت کە دۆناڵد ترەمپ دژی میدیاکان بەکاری دەهێنێت. هەفتەی رابردوو دادوەرێک سکاڵایەکی 10 ملیار دۆلاریی ترەمپی دژی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ رەتکردەوە، هەروەها لە مانگی 9ی ساڵی رابردووش سکاڵایەکی 15 ملیار دۆلاریی دیکەی ترەمپ دژی نیویۆرک تایمز رەتکرایەوە. پێش دەستبەکاربوونی بۆ خولی دووەم، هەریەک لە کەناڵەکانی (CBS) و (ABC) بڕە پارەیەکیان وەک رێککەوتن لە دەرەوەی دادگا بە ترەمپ داوە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو سکاڵایانە بهێنێت کە لەسەری تۆمار کردبوون.