بەهۆی بارانەوە بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر بێ ئاوبوون

زیاتر لە 30 کاتژمێرە دابەشکردنی ئاو لە بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر راگیراوە، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێریش هۆکارەکەی بۆ لێڵبوونی سەرچاوەکانی ئاو بەهۆی بارانەوە دەگەڕێنێتەوە.

رابەر مەحموود، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانە زۆرەی رووی لە هەولێر کردووە، ئاوی رووبارەکان لێڵ بووە، ئەمەش وای کردووە دابەشکردنی ئاو لە بەشێکی زۆری گەڕەکەکان بوەستێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانیان کاتژمێر بە کاتژمێر تێست و پشکنین بۆ ئاستی لێڵیی ئاوەکە دەکەن و جەختی کردەوە، "هەر کاتێک ئاوەکە پاک و روون بووەوە، دەستبەجێ دەست بە بەردانەوەی ئاو بۆ گەڕەکەکانی هەولێر دەکرێتەوە."