هەناردەی نەوتی عێراق بۆ هیندستان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە

هەناردەی نەوتی عێراق بۆ وڵاتی هیندستان لە مانگی ئاداری رابردوودا دابەزینێکی مێژوویی تۆمار کرد، ئەمەش بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و گرژییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە کاریگەری نەرێنییان کردووەتە سەر جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز.

بەگوێرەی داتاکانی گواستنەنوەی دەریایی کە ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی نسیانی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، هەناردەی نەوتی عێراق و ئیمارات بۆ هیندستان گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی لە چەند ساڵی رابردوودا، بەپێی ئامارەکان، پشکی نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆی هاوردەی نەوتی هیندستان بۆ ئاستێکی پێوانەیی دابەزیوە و تەنیا %26ـی بازاڕەکانی ئەو وڵاتەی پێکهێناوە.

لە بەرامبەر ئەم دابەزینەدا، پاڵاوگەکانی هیندستان روویان لە کڕینی نەوتی رووسیا کردووە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان، لە مانگی ئاداردا، نەوتی رووسیا نزیکەی نیوەی هاوردەی نەوتی هیندستانی پێکهێناوە و ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کردووە.

هەر بەپێی راپۆرتەکان، پێگەی عێراق وەک یەکێک لە دابینکەرە سەرەکییەکانی نەوت بۆ هیندستان پاشەکشەی کردووە و لە ئێستادا کەوتووەتە دوای وڵاتانی وەک سعوودیە و ئەنگۆلا، ئەمەش گۆڕانکارییەکی روون لە نەخشەی دابینکردنی وزە لەسەر ئاستی جیهان نیشان دەدات.

شارەزایانی بواری وزە ئاماژە بەوە دەکەن، بەردەوامیی گرژییەکان لە ناوچەکەدا دەبێتە هۆی درێژخایەنبوونی پاشەکشەی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی هیندستان، مەگەر دۆخی گواستنەوەی دەریایی لە گەرووی هورمز ئاسایی ببێتەوە.