سەرۆك بارزانی: پشتیوانی لە ئەرك و رۆڵی گرنگی رۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، سەرۆک بارزانی پەیامێکی بە بۆنەی رۆژی رۆژنامەگەریی كوردی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە "لەویادەدا هیوای سەركەوتن بۆ هەموو ڕۆژنامەنووس و میدیاكارە خۆشەویستەكانی كوردستان دەخوازم و پشتیوانی لە ئەرك و ڕۆڵی گرنگی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم بۆ بەرگریكردن لە دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و قووڵتركردنی فەرهەنگی ئاشتیخوازی و پێكەوەژیان و هەروەها پاراستنی بەها بەرزەكانی كۆمەڵگای كوردستان".
دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ رۆژی رۆژنامەگەریی كوردی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و سەد و بیست و هەشتەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی (كوردستان) لە لایەن میر میقداد مەدحەت بەدرخان كە هاوكات ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانە، پیرۆزباییەكی گەرم لە ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان و ئەندامانی سەندیكای ڕۆژنامەونووسانی كوردستان دەكەم.
لەویادەدا هیوای سەركەوتن بۆ هەموو ڕۆژنامەنووس و میدیاكارە خۆشەویستەكانی كوردستان دەخوازم و پشتیوانی لە ئەرك و ڕۆڵی گرنگی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم بۆ بەرگریكردن لە دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و قووڵتركردنی فەرهەنگی ئاشتیخوازی و پێكەوەژیان و هەروەها پاراستنی بەها بەرزەكانی كۆمەڵگای كوردستان.