وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان سەركۆنە دەكات
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی لەبارەی فراوانبوونی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق بە کوردستان24 راگەیاند.
چوارشەممە 22ی نیسانی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە کوردستان24ـی راگەیاند، "حکوومەتی ئەمریکا بە توندی ئەو سەدان هێرشە سەرکۆنە دەکات کە لە چەند هەفتەی رابردوودا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجام دراون".
وەزارەتی دەرەوە ئاشکرای کرد، ئەم هێرشانە نەک تەنها هاووڵاتییان و بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی ئەمریکا، بەڵکوو دامەزراوە نیشتمانییەکان و خەڵکی سڤلیشان کردووەتە ئامانج.
لە وڵامی نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوە هاتووە، "ئەم هێرشانە هاووڵاتییانی ئەمریکی، ناوەندە دیپلۆماسییەکان و بەرژەوەندییە بازرگانییەکانیان کردووەتە ئامانج، هاوکات هێرشکراوەتە سەر دامەزراوە مەدەنییەکان و هاووڵاتییانی سڤیل، لەوانەش لە هەرێمی کوردستان".
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، چالاکییە تێکدەرانەکانی ئەو گرووپانە تەنها لە ناوخۆی عێراقدا نەماوەتەوە، بەڵکوو دراوسێکانی عێراقیشی گرتووەتەوە.
لە سەرەتای دەسیپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان لە لایەن گرووپە چەدارە لە یاسادەرچووەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 600 هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوەم بە هۆیەوە 14 کەس کورژراون و زیاتر لە 90 کەسیش برینداربوون.
مەسرور بارزانی: هێرشەکانی سەر کوردستان، هەوڵێکن بۆ تێکدانی ئاگربەست و زیان گەیاندن بە ناوچەکە
رۆژی شەممە، 18ـی نیسانی 2026، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکربووەوە و تێیدا رایگەیاندبوو، "بە توندترین شێوە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین کە هەرچەندە ئێمە بەشێکیش نەبووین لەو جەنگە، کەچی هێرشەکان لە ماوەی چەند رۆژی رابردووشدا هەر بەردەوام بوون."
سەرۆکوەزیران روونیشی کردبووەوە، "سەرەڕای ئاگربەست و دانوستانەکان، کەچی بەهۆی هێرشەکانی ئەم چەند رۆژانە، پێنج کەس شەهیدبوون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون، ئەمەش هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاگربەست و زیان گەیاندنی زیاتر بە ناوچەکەمان".
ئەمریکا ژمارەیەک فەرماندەی گرووپە چەکدارەکانی عێراقی سزا دا
وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رایگەیاند کە وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی "رقی ئابووری" (Economic Fury)، سزای توندی بەسەر "حەوت فەرماندەی گرووپە چەکدارە عێراقییەکان" سەپاندووە.
هەینی 17ـی نیسانی 2026، بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەم حەوت فەرماندەیە دەستیان هەبووە لە "داڕشتنی پلان، ئاراستەکردن و جێبەجێکردنی زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر کارمەندان، دامەزراوەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق."
نیویۆرک تایمز: ئەمریکا هەماهەنگی سەربازی لەگەڵ عێراق راگرت
سێشەممە 21ی نیسانی 2026، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە زاری دوو بەرپرسی عێراقی پشتڕاستی کردووەتەوە واشنتن تەواوی پاڵپشتییە دارایی و سەربازییەکانی بۆ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق هەڵپەساردووە؛ هاوکات بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری عێراق، رایگەیاند کە هاوکاری و دابینکردنی بودجە لەلایەن ئەمریکاوە تا کاتێکی نادیار راگیراوە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕیارەی واشنتن وەک کاردانەوەیەکە بەرانبەر ئەو هێرشانەی کە لەلایەن گرووپە چەکدارە دەکرێنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق.