ترەمپ پێشبینی "پێشکەوتنی چاوەڕواننەکراو" لەگەڵ ئێران دەکات
لە پێشهاتێکی نوێی دیپلۆماسیدا، دۆناڵد ترەمپ باس لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی گەڕی دووەمی دانوستان لەگەڵ ئێران دەکات و پێشبینی دەکات لە چەند رۆژی داهاتوودا گۆڕانکارییەکی گەورە لەو دۆسیەیەدا رووبدات.
چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی (نیویۆرک پۆست)، رایگەیاند: "ئەگەری هەیە تاوەکوو رۆژی هەینی، گەڕی دووەمی دانوستان لەگەڵ ئێران بەڕێوە بچێت."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "دەکرێت لە ماوەی 36 بۆ 72 کاتژمێری داهاتوودا، پێشکەوتنێکی بەرچاو و یەکلاکەرەوە لە دانوستانەکاندا بێتە ئاراوە."
لە لایەکی دیکەوە، ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە ململانێکانی لەگەڵ ئەمریکا بە هەردوو بژاردەی دیپلۆماسی یان سەربازی چارەسەر بکات.
ئاماژەشی بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان کرد لە حاڵەتی هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران، بە پێویستیشی زانی کە ئاگربەستەکە لوبنانیش بگرێتەوە.
سێشەممە 21ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەستی لەگەڵ ئێران دا، هاوکات بڕیاری بەردەوامبوونی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێرانی دا.
هاوکات پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆس بڵاوی کردەوە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشت بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ ئەوەیە، ئەمریکا و نێوەندگیرە پاکستانییەکان چاوەڕێی موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران دەکەن بۆ ئەوەی وەڵامی دوایین پێشنیاز بداتەوە.