رۆیتەرز: ئەگەری هەیە واشنتن ساڵی داهاتوو ژمارەیەکی کەم سەرباز بگەڕێنێتەوە سووریا
بە گوتەی چەند سەرچاوەیەک، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تاوتوێی پلانی مەشقپێکردنی سەربازانی سووریا لە بواری هەڵگرتنەوەی میندا دەکات، کە دەبێتە یەکەم ئەرکی مەشقپێکردنی ئەمەریکا لەگەڵ سوپای سووریادا لە دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن چەکدارانی پێشووی ئۆپۆزسیۆنەوە لە ساڵی 2024.
دووشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری پێنج سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، پێشنیازی ئەرکە فرەنەتەوەییەکە هێشتا لە ئەمەریکا رووبەڕووی کۆسپی یاسایی و لەناو سوپای سووریاشدا رووبەڕووی گومان دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، رەنگە ئەمەریکا هەر لە ساڵی داهاتوودا ژمارەیەکی کەم لە سەربازانی بگەڕێنێتەوە سووریا، ئەوەش تەنیا ساڵێک دوای کشانەوەی هێزەکانی لە چوارچێوەی ئەرکی دەیەیی شەڕی دژی داعش.
چوار لە سەرچاوەکان گوتوویانە بەرنامە سەرەتاییەکە سەرنج دەخاتە سەر مەشقپێکردن لە هەڵگرتنەوەی مین و پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی بە شێوەیەکی پارێزراو، و لە ئەگەری سەرکەوتنیدا دەکرێت ببێتە نموونەیەک بۆ هاوکارییەکی فراوانتر. پێشنیازەکە پشت بە ناوەندی هاوئاهەنگیی دیمەشق (DCC) دەبەستێت کە ساڵی رابردوو لە ئوردن بۆ ئاسانکاریکردنی هاوکاریی نێوان دەسەڵاتدارانی سووریا، هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانە هەرێمییەکان دامەزراوە.
تیم هۆکینز، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، ناوەندەکە لە کارەکانی بۆ پشتیوانیکردنی سووریایەکی سەقامگیر، یەکگرتوو و ئاشتیانە بەردەوامە و هێشتا بڕیاری تەواو لەسەر پێکهاتە و ئەرکی داهاتووی نەدراوە. گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش گوتی واشنتن پێشوازی لە هەبوونی هاوبەشێک لە دیمەشق دەکات کە پابەند بێت بە بەرەنگاربوونەوەی داعش، لە کاتێکدا وەزارەتی بەرگریی سووریا وەڵامی داواکارییەکی رۆیتەرزی بۆ لێدوان نەدایەوە.
بە گوتەی کەسێکی بەشدار لە گفتوگۆکاندا، چوارچێوەی بەرنامەکە کارمەندانی نزیکەی 15 هاوپەیمانی ئەمەریکاش لەخۆ دەگرێت، لەوانە بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئوسترالیا، سعوودیە و ئیمارات، هەروەها دەکرێت ناوەندی نیشتمانیی سووریا بۆ کاروباری مین (SNMAC) تێیدا بەشدار بێت.
لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024، واشنتن لە کانوونی یەکەمی 2025 سزا ئابوورییە بەرفراوانەکانی سەر سووریای هەڵگرت، لە ئابی 2026 ناوی سووریای لە لیستی دەوڵەتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر دەرهێنا و لە تشرینی یەکەمیشدا کۆتوبەندەکانی هەناردەکردنی چەک و خزمەتگوزاریی بەرگریی سووک کرد.
لەگەڵ ئەوەشدا، بە گوێرەی یاساکانی لیهی لە ئەمەریکا، پێدانی هاوکاری بە یەکە ئەمنییە بیانییەکان قەدەخەیە ئەگەر زانیاریی جێمتمانە لەسەر ئەنجامدانی پێشێلکاریی گەورەی مافەکانی مرۆڤ هەبێت؛ دوو سەرچاوە گوتوویانە بەرپرسانی ئەمەریکا پێویستیان بە وردبینیکردنی ئەو لایەنانەی سووریا دەبێت پێش دابینکردنی بودجە، بە تایبەت کە بەشێک لە نیگەرانییەکان پەیوەندییان بە پاشخانی هەندێک فەرماندەی هێزە ئەمنییە نوێیەکانی سووریاوە هەیە، لەوانەش ئەندامانی پێشووی گرووپە چەکدارە ئیسلامییەکان، و لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش پێشێلکاریی هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتە نوێیەکانیان تۆمار کردووە. لە لایەنی سووریاشەوە، بەشێک لە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری دوودڵن لە پێدانی رێگە بە کارمەندانی سەربازیی ئەمەریکا بۆ چوونە ناو دامەزراوەکانیانەوە.
لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی سووریادا، هێزەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی سەرەکی شانبەشانی هێزە کوردییەکان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی پۆڵایین دژی داعش کاریان دەکرد. دوایین هێزەکانی ئەمەریکا لە نیسانی ئەمساڵدا لە سووریا و لە ئەیلوولدا لە عێراق کشانەوە، هەرچەندە ئۆپەراسیۆنەکە بە تەواوی کۆتایی پێ نەهاتووە.
بە گوێرەی ئاژانسی فەرمیی سانای سووریا، مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا لە 12ی تشرینی دووەمدا لە دیمەشق لەگەڵ لیام هولین، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکە کۆبووەتەوە، و سەرچاوەیەکی سەربازیی سووری گوتوویەتی لە کۆبوونەوەکەدا باسی میکانیزمی هاوئاهەنگیی فرەنەتەوەیی، مەشقی هەڵگرتنەوەی مین و پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی و هاوکاریی ئاسایشی سنوورەکان کراوە.
یەکێک لە بژاردەکان مەشقپێکردنی سەربازانی سووریایە لە هەردوو وڵاتی ئوردن و سووریا کە ئەگەری هەیە لە مانگی ئاداردا بە بەشدارییەکی سنوورداری سەربازیی ئەمەریکا دەستپێبکات. دوو سەرچاوەش باسیان لەوە کردووە کە بەرپرسانی ئەمەریکا تاوتوێی بەکارهێنانی ئەو پارەیە دەکەن کە لە ئۆپەراسیۆنی شەڕی دژی داعش ماوەتەوە، کە یەکێک لە سەرچاوەکان بە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار خەمڵاندوویەتی، بەڵام رۆیتەرز نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ بڕەکە پشتڕاست بکاتەوە.