قالیباف: کردنەوەی گەرووی هورمز لە سایەی پێشێلکردنی ئاگربەستدا مەحاڵە
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداریی دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل و رایدەگەیەنێت، تاوەکوو گەمارۆی دەریایی سەر وڵاتەکەی هەڵنەگیرێت، گەرووی هورمز بە رووی ئابووریی جیهاندا ناکرێتەوە.
چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، مەرجەکانی وڵاتەکەی بۆ قبووڵکردنی ئاگربەست و کردنەوەی گەرووی هورمز راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامبوونی گەمارۆ دەریاییەکان، واتای ئاگربەست لەناو دەبات.
قالیباف لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا نووسیوویەتی: "ئاگربەستی تەواوەتی تەنیا کاتێک مانای دەبێت کە بە گەمارۆی دەریایی و بە بارمتەگرتنی ئابووریی جیهان پێشێل نەکرێت، هەروەها دەبێت شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیل لە سەرجەم بەرەکاندا بوەستێنرێت."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هۆشداری دەداتە وڵاتانی رۆژئاوا و دەڵێت: "کردنەوەی گەرووی هورمز لە سایەی پێشێلکاریی زەقی ئاگربەستدا مەحاڵە. ئەوان بە دەستدرێژیی سەربازی نەگەیشتنە ئامانجەکانیان، بە ملھوڕیش پێی ناگەن."
هاوکات گوتیشی: "ئەمریکا لە رێگەی سەربازییەوە نەگەیشتە ئامانجەکەی، تاکە رێگە داننە بە مافی گەلی ئێران."
سێشەممە 21ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەستی لەگەڵ ئێران دا، هاوکات بڕیاری بەردەوامبوونی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێرانی دا.
هاوکات پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆس بڵاوی کردەوە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشت بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ ئەوەیە، ئەمریکا و نێوەندگیرە پاکستانییەکان چاوەڕێی موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران دەکەن بۆ ئەوەی وەڵامی دوایین پێشنیاز بداتەوە.