بەرپرسێکی ئەمریکی: ئێران و حزبوڵڵا، ئیسرائیل و لوبنانیان پەلکێشی جەنگ کردووە
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی راگەیاند، کە ئێران و حزبوڵڵا بەردەوام ئیسرائیل و لوبنانیان پەلکێشی جەنگێکی "بێمانا و وێرانکەر" کردووە. ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە مەرجەکانی رێککەوتنەکە دادپەروەرانەن و تەنیا حزبوڵڵا بەرپرسە لە هەر جۆرە بەردەوامییەکی توندوتیژییەکان لە ناوچەکەدا.
یەکشەممە 7ـی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئەمریکی بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی راگەیاند، کە هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لەوپەڕی ئامادەباشی بەرگریدا جێگیر کراون.
ئەو سەرچاوەیە جەختی کردەوە کە واشنتن هەموو ئامادەکارییەکی پێویستی کردووە بۆ وەڵامدانەوە و بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک، لە ئەگەری ئەوەی ئێران هەڕەشەکانی ئەم دواییەی جێبەجێ بکات و هێرش بکاتە سەر ئامانجەکان لە ناوچەکەدا.
بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی بە ماڵپەرەکەی گوت حزبوڵڵا لەبەردەم هەڵبژاردنێکی سادەدایە: "یان بەردەوامبوون لە جەنگێکی بێهودە، یان رێگەدان بە گەڕانەوەی ئاوارەکان و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی لوبنان." ئەو بەرپرسە گوتی مەرجەکانی سەر مێزی دانوستان دادپەروەرانەن و هەردوو حکوومەتی لوبنان و ئیسرائیل رەزامەندییان لەسەر دەربڕیوە.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە رەخنەی توندی لە حزبوڵڵا گرت بەهۆی بەکارهێنانی ژێرخانی مەدەنی و ماڵی هاووڵاتییان بۆ شاردنەوەی چەک و تەقەمەنی، کە ئەمە مەترسیی گەورەی بۆ سەر ژیانی لوبنانییەکان دروست کردووە. گوتیشی: "پێویستە حزبوڵڵا دەستبەجێ تەقەکردن رابگرێت و هەموو چەکەکانی نێو لوبنان تەنیا لەژێر رکێفی حکوومەتی شەرعیی ئەو وڵاتەدا بن."
هەروەها باسی لەوەش کردووە، ئێران، حزبوڵڵا و هەندێک لایەنی دیکە بەردەوام هەوڵدەدەن لوبنان و ئیسرائیل پەلکێشی نێو جەنگێکی درێژ بکەن.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا بۆ ئەکسیۆس، ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان پاڵپشتی مافی ئیسرائیل دەکات بۆ بەرگری لە خۆی، هاوکات لە پاڵ حکوومەتی شەرعیی لوبنانیشدا دەوەستێت. ئاماژەشی دا، "ئێمە بە تەواوی پشتیوانی لە سەروەریی خاکی لوبنان دەکەین. ئامانجی ئەم پڕۆسەیە ئەوەیە کە لوبنان بۆ یەکەمجار دوای چەندین دەیەی، ببێتەوە بە دەوڵەتێکی خاوەن بڕیار، کە ئەمەش سوودی بۆ ئاسایشی ئیسرائیل و تەواوی ناوچەکە دەبێت."
یەکشەممە 7ـی حوزەیرانی 2026، ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردووتەوە و تێیدا نووسیویەتی: "ئێمە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و بە ئازار دەدەینە ئیسرائیل بەرامبەر بە هێرشەکانی بۆ سەر زاحیە؛ ئاماژەشی دا، پێویستە ئەوان وەڵامێکی توند وەربگرن.
هەروەها محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لایەنی بەرامبەر نە پابەندی ئاگربەستە و نە بڕوای بە گفتوگۆ هەیە، سەپاندنی گەمارۆی دەریایی و پێشێلکردنی رێککەوتنەکانی تایبەت بە لوبنان نیشانیان دا کە تەنیا لە زمانی هێز تێدەگەن.